May 18, 2020 08:58 Asia/Tehran
  • بەرزبوونەوەی ژماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ ٤٠٤ حاڵەت

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە تۆمارکرانی حاڵەتە نوێکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی، ئاماری تووشىووان بەو پەتایە لە هەرێم گەیشتە ٤٠٤ حاڵەت.

 

لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان بە تێپەڕاندنی حەوت ڕۆژی بێ تۆمارکردنی تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، خۆی بۆ ڕاگەیاندنی شکست هێنان بەو ڤایرۆسە جیهانییە ئامادە دەکرد، تۆمارکرانی چەند حاڵەتی نوێی تووشبوون، جارێکی دیکە ئاماری تووشبووان بەو ڤایرۆسەی لەهەرێم بەرز کردەوە.

لە دوا ڕاگەیێندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاوکرایەوە، هاتووە؛ لە ٢٤ کاژێری ڕابردوو ٨٣٨ کەس پشکنینی تووشبوون بە کۆرۆنایان بۆکراوە کە لەئەنجامدا، حەوت تووشبووی نوێ لە سلێمانی تۆمارکرا.

هەروەها ڕاگەیێندراوە کە لە دەسپێکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا ٥٩ هەزار و ٤٠١ پشکنین لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم ئەنجامی گرتووە.

بە هەژمارکرانی حاڵەتە نوێکانی تووشبوون، ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٤٠٤ حاڵەت کە لەو ژمارەیە پێنجیان گیانیان لەدەستداوەو ٣٧٠ کەسیش چاکبوونەوەو بیست نەخۆش ئێستا لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێریی پزشکیدان.