ئه‌یلوول 25, 2020 13:11 Asia/Tehran
  • گەندەڵی لە ھەرێم لە سەداسیی زیاتری داھاتی نەوت ناھێڵێتەوە

پەرلەمانتارێکی ھەرێم ڕایگەیاندووە:گەندەڵی لە ھەرێم لە سەداسیی زیاتری داھاتی نەوت ناھێڵێتەوە و ئیدی موچەی خەڵک بە چی بدرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان،عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی فراکسۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە نوسینێکدا بەناونیشانی «موچەو قاچاغچێتی، بۆچی موچەی تەواو لەکاتی خۆیدا نادرێت!» نوسیویەتی: بەھۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی لە خزمەتگوزاریی نەوت و کۆمپانیای نھێنی و داشکاندن لە نرخی نەوت و قۆرخکاری لە گۆڕینەوەی دۆلار بەدینارو قەرزی نادیار، تەنیا لەسەدا سیی‏ داھاتی نەوت دەمێتێتەوە، ئیدی موچە بە چی بدرێت.

عەلی حەمە ساڵح، جەختی لەوەش کردووەتەووە کە: یەک ساڵە ھاوار دەکەین کاتێک بەرپرس بە بەکارھێنانی ھێزە ئەمنیەکان لە خاڵە سنوریەکان و بازگەکان و بە ئۆتۆبیلی خوار مۆدێل  خەریکی قاچاخ کرددن دەبێت، کاتێک بەرپرس  دەبێ ھەموو شەوێک ملیۆنێک دۆلار زیاتری دەستبکەوێت، بە دڵنیایەوە داھات بەشی موچە ناکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە، ئەو ھێزە ئەمنیانەی لە بودجەی گشتی موچە وەردەگرن و خەریکی قاچاخ کردنن بۆ بەرپرسان وھەرچی خواردنی قەدەغەکراوە دەیکەن بەقوڕگی خەڵکداو کەسیش ھیچیان پێناڵێت، داھات چۆن بەشی موچە دەکات. بەرپرسێک خەریکی داگیرکاری زەوی بێت، بەناوی کەسوکاری شەھیدان و ھێزی پێشمەرگەوە ئامادەبێت ھەزاران پارچە زەوی بفرۆشێت و دەیان ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، سنەوبەر بسوتێنێت یان خەمی کۆکردنەوەی دەیان ملیۆن دۆلاری بێت بە پێشەنگای ئۆتۆمبێل، ئەستەمە لە ئازاری ئافرەتێکی بێکەسی ھەتیوبار تێ بگات.

ئەم پەرلەمانتارەی ھەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە کۆمپانیای وا ھەن کە لەسەر حسابی قۆرخکاری و گەندەڵی و زەوی و نەوتی ئەم میللەتە بوون بە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار و کەچی باجیش نەدەن و یان کەمترین بڕ دەدەن، وتووسیەتی: بەھۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی لە خزمەتگوزاریی نەوت و کۆمپانیای نھێنی و داشکاندن لە نرخی نەوت و قۆرخکاری لە گۆڕینەوەی دۆلار بەدینارو قەرزی نادیار، تەنیا لەسەدا سیی‏ داھاتی نەوت دەمێتێتەوە، ئیدی موچە بە چی بدرێت.

 

سەرپەیڤ