وەزیری ناوخۆی ئێراق ئێوارەی دوێنێ (شەممە) پێش بەجێ هێشتنی بەغدا، بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە پێوەندییەکانی بەغدا - تاران پێوەندییەکی ستراتژیکە، ڕایگەیاند: لە سەفەر بۆ ئێران، تەبایی نامەیەک لەگەڵ هاوشانی ئێرانی خۆی لە بواری زیارەتی ئەربەعینی حسێنی ئیمزا دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی رۆژی شەممەی ئیرنا؛ "قاسم ئەعرەجی" وەزیری ناوخۆی ئێراق لە وتووێژ لەگەڵ ئەم هەواڵدەرییەدا وتی: لەم سەفەرەدا لە بواری بەڕێوەبردنی  تەگبیری پێویست بۆ زیارەتی ئەربەعینی حسێنی و  خستنە بەردەستی ڕاژەکاری و هاسانکاری لە ڕێگا و جادەکانی هاتنی زیارەتکاری ئێرانی بەرەو کەربەلا و دابین کردنی ئاسایشی ئەو زیارەتکارانە، لەگەڵ لایەنی ئێرانی خۆمان باس و ڕاوێژ دەکەین.

ئەعرەجی سەبارەت بە کرانەوەی سنووری خوسرەویش ڕایگەیاند؛ ڕوانگەی ئێراق بەرامبەر بە داخوازەکانی ئێران لەمەڕ ئەربەعین، بەتایبەت سەبارەت بە ڕێگا و جادەکانی ڕۆیشتنی زیارەتکاران بەرەو کەربەلا، ئیجابی و تەعامولییە.

وەزیری ناوخۆی ئێراق وتیشی: جگە لە مەسەلەی ئەربەعین، بەرز کردنەوەی ئاستی پێوەندیی دوولایەنە، ئاڵ و وێری زانیاری، هاوکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و  ئاسایشی سنوورەکان، لە تەوەرەکانی باس و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی لەم سەفەرەدایە.

ئەعرەجی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: داکۆکییەکانی ئێران لە دەوڵەت و گەلی ئێراق تەواو ڕوون و ئاشکرایە و ئێستاکە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێرانی لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم و شەڕی دژ بە داعش شان بە شانی هێزی ئێراقی لەو شەڕەدا بەشدارن و یارمەتیی هێزە ئێراقییەکان دەدەن.

وەزیری ناوخۆی ئێراق بڕیارە لە سەفەریدا بۆ تاران، جگە لە دیدار و وتووێژ لەگەڵ "ڕەحمانی فەزڵی" وەزیری ناوخۆی ئێران، لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی دیکەش دیدار و وتووێژی هەبێ.

Aug 13, 2017 12:08 Asia/Tehran
بۆچوونت