• وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران گەیشتە دیمەشق

وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی سووریایی لەبارەی هاوکاریی ئابووریی نێوان ئێران و سووریا گەیشتە دیمەشق و لەلایەن وەزیری ئابووریی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێ کرا.

عەبباس ئاخوندی وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە سەرەتای گەییشتنی بە سووریا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران لە دیمەشق وێڕای ئاماژە کردن بەو کەشە هەرە گونجاوەی کە بەسەر پەیوەندییەکانی هەردووک وڵات دا زاڵە، هیواداری دەربڕی کە: دانوستانەکانی شاندە ئابوورییەکەی ئێران لەگەڵ کاربەدەستانی سووری ئەنجامی ئامادە کردنی بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی هەمەلایەنەی ئابووری، بازرگانی و هەروەها ڕاژەکاریی تەکنیکی و ئەندازیاریی لێ بکەوێتەوە، هەتا لە ڕەوتی بەرپا کرانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هاوبەشی دوو وڵات لە لایەن هەردووک لاوە واژۆ بکرێت.

عەبباس ئاخوندی وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران  کە سەرۆکایەتیی لێژنەی هاوبەشی گەشەی هاوکارییە ئابوورییەکانی دوو وڵاتی بە ئەستۆیە، بەڕاشکاوی وتوویەتی: لێژنەی هاوبەشی باڵای دوو وڵات، دوای مانگی ڕەوەزانی پیرۆز و بە ئامادە بوونی یاریدەری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک وەزیرانی سووریا بەرپا دەکرێت.

سامەر ئەلخەلیل وەزیری ئابووریی سووریاش ڕایگەیاندووە: گەشتەکەی شاندی ئابووریی ئێران بۆ سووریا، دەربڕی پێداگریی دەوڵەتەکانی دوو وڵاتە بۆ پەرە پێ دانی پەیوەندی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، دراڤی و هەروەها پراکتیزە کردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان تاران و دیمەشق .

سامەر ئەلخەلیل وەزیری ئابووریی سووریا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە سووریا دوای سەرکەوتنی بە سەر تیرۆریزم دا لە زۆربەی خاکی ئەم وڵاتە، لە سەروبەندی قۆناغێکی تازەدایە، وتیشی: چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی ئێران بە ئامادە بوونی چالاکانەی خۆیان ، هاوبەشێکی ڕاستەقینە بن لە سەردەمی بنیاتنانەوەی سووریادا.

عەبباس ئاخوندی وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران  لە بەرنامەی گەشتە دوو ڕۆژەکەی بۆ دیمەشق، چاوی بە عیماد خەمیس سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی ئابووری، خانووبەرە، گواستنەوە و سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا دەکەوێت و وتووێژیان لەگەڵدا دەکات.

عەبباس ئاخوندی وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ڕۆژی هەینی و بەرلە بەجێ هێڵانی دیمەشق چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریاش دەکەوێت و وتووێژی لەگەڵدا دەکات.

سەرپەیڤ

ئادار 17, 2018 18:34 Asia/Tehran
بۆچوونت