• لاریجانی پیرۆزبایی لە حەلبووسی کرد

سەرۆکی مەجلسی شورای ئیسلامی ئێران بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی محەمەد ریکان حەلبوسی، سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کرد.

عەلی لاریجانی، سەرۆکی  مەجلسی شورای  ئیسلامی ئێران، لە بروسکەکەیدا  ئاماژەیکردووە بە پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دراوسێ، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پەرلەمانی و ھیوای خواستووە لەسایەی سەرۆکایەتی حەلبوسیدا ئاسۆی پەیوەندییەکان زیاتر پەرەی پێبدرێت. 

لە بەشێکی بروسکەکەی لاریجانی دا هاتووە : " گەلی عێراقی مەزن بە مێژووی مەزنی پێگەیەکی تایبەتی ھەیە لەلای گەل و حکومەت و سەرۆکی  مەجلسی شورای  ئیسلامی ئێران، ھیوادارم عێراق سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت." 

رۆژی رابردوو محەمەد حەلبوسی، کاندیدی میحوەری وەتەنی بە بەدەستھێنانی ١٦٩ دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرا.

بەپێی کەناڵی عێراقییەی فەرمی، ٢٥١ پەرلەمانتار بەشداریان لە دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووەو ١٦٩ پەرلەمانتار دەنگیان بە محەمەد حەلبوسی داوە.

محمەد ریکان ئەلحەلبوسی گەنجێکی سووننە مەزھەبی خەڵکی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراقە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ ە.

Sep 16, 2018 11:47 Asia/Tehran
بۆچوونت