Jan 14, 2019 08:36 Asia/Tehran
  • پێداگریی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر پەرەی پەیوەندییەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیان کرد لەسەر پەرەی پەیوەندیی دوو قۆڵیی سیاسی و ئابوریی نێوان دوو وڵات.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "محەممەد جەواد زەریف" و"عادڵ عەبدولمەهدی" سەرلەئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لەدیدار لەگەڵ یەکتری لە بەغدا سەبارەت بە دوابارودۆخی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بوارەکانی هاوکاریی ئابووریی نێوان دوو وڵات و هەروەها گۆڕانکارییە ناوچەیی وجیهانییەکان وتووێژیان کرد.

عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە خاڵە هاوبەشە فەرهەنگی و مێژووییەکانی نێوان ئێران و عێراق، پێی داگرت لەسەر پەرەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و وتی: عێراق لەهەوڵدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ وێنە کۆماری ئیسلامیی ئێران ، پەرە پێ بدات.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە سەردان بۆعێراق، ڕێزی گرت لە هەڵوێستی ئەرێنیی حکومەتی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پرس و بابەتگەلی ناوچەو کۆماری ئیسلامیی ئێران.

محەممەد جەوادی زەریف پێی داگرت لەسەر درێژەی پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵات و حکومەتی عێراق لەقۆناخی ئێستاداو بەهێزکرانی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی لەو وڵاتە.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەممە چاویشی کەوت بە "محەممەد عەلی حەکیم" هاوشانە عێراقییەکەی و لەگەڵ ناوبراودا لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵیی و پرسە ناوچەییەکان وتووێژی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و ئامادەبوون لە سێ جڤینی بازرگانیی چالاکوانانی ئابووریی کەرتی تایبەتی دوو وڵات لە بەغدا، سلێمانی و کەربەلا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

بڕیارە محەممەد جەوادی زەریف لەو گەشتە چوار رۆژییەدا، لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و محەممەد حەلبوسی سەرۆک پەرلەمانی عێراقیش دیدار و وتووێژ بکات.

بۆچوونت