Jan 16, 2019 09:50 Asia/Tehran
  • زەریف: ئێران هاوڕێیەکی جێمتمانەیە بۆ کورد

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی چوارشەممە لە کۆتایی سەفەری خۆی بۆ هەرێمی کوردستانی ئێراق لە تویتەردا جەختی کرد؛ ئێران هاوڕێیەکی جێمتمانەیە بۆ کورد

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "محەممەد جەواد زەریف" هەرێمی کوردستانی بە هاوبەشێکی نزیک و کۆن بۆ ئێران وەسف کرد و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ وتووێژی بنیاتنەر و بەسوود لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیران، "مەسروور بارزانی" ڕاوێژکاری ئاسایشی، "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و هەروەها بازرگانان و خاوەنی کار و پیشە لەو ناوچەیەدا هەبووە.

وەزیری دەرەوە لە تویتەرەکەیدا ئاماژەی کردە سەفەری خۆی بۆ سلێمانی و نووسی لە کۆبوونەوە ئابووریی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق بەشداریم کرد و وتووێژێکی بەربڵاو و دۆستانەم لەگەڵ "قوباد تاڵەبانی"ی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئێراق هەبوو."

زەریف لە پەیامێکی تویتەری دیکەدا ئاماژەی کردە ئامادەبوونی لە سەر گۆڕ و بارەگای "جەلال تاڵەبانی" سەرۆک کۆماری خوالێخۆشبووی ئێراق و ئەوی نەک هەر بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی وەسف کرد بەڵکوو ئەوی بە سیاسەتوانێکی جێی شانازی و نیشتمانپەروەر پێناسە کرد و ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەراستنی یەکپارچەیی خاک و پێوەندییە ناوچەییەکانی ئێراق گێڕاوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی چوارشەممە پاش سەفەرێک بۆ هەرێمی کوردستانی ئێراق، سلێمانی بەرەو نەجەف بەجێ هێشت.

زەریف لە نەجەفیشەوە بەرەو کەربەلا ڕۆیشت هەتا سەرلەبەیانی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئابووریی ئێران و ئێراق لەو شارە بەشداری بکات و وتار پێشکەش بکات.

زەریف ڕۆژی یەکشەممە بۆ دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێراقی و بەشداری لە سێ کۆبوونەوەی بازرگانیی چالاکانی ئابووری بەشی نادەوڵەتی دوو وڵات لە بەغدا، سلێمانی و کەربەلا گەیشتە ئێراق.

زەریف لە بەغدا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵا و هەروەها کەسایەتیە سیاسییەکانی سەر بە لایەنی جۆربەجۆر و جیاوازی ئێراقی لەوان "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆمار، "عادڵ عەبدولمەهدی"ی سەرۆک وەزیران، "محەممەد حەلبووسی" سەرۆک پەرلەمان، سەید عەمار حەکیم" سەرۆکی ڕەوتی حیکمەت، "هادی عامری" سەرۆکی فراکسیۆنی "البناء"  و ئەیاد عەلاوی " سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئەم وڵاتە دیدار و تووێژی کرد.

بۆچوونت