Feb 14, 2019 12:20 Asia/Tehran
  • کوەیت، قەتەر و لوبنان پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستانیان ئیدانە کرد

کوەیت، قەتەر و لوبنان شەوی پێنجشەممە لە چەن پەیامی جیاجیادا ، پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستانیان ئیدانە کرد و هاوخەمییان دەربڕی لەگەڵ دەوڵەت و گەلی ئێران و بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و بریندارانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "شیخ صباح الاحمد جابر صباح" میری کوەیت لە پەیامێکدا بۆ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێران بە ئیدانە کردنی پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان ، هاوخەمی دەربڕی بەرامبەر بە بنەماڵەی شەهیدان، دەوڵەت و گەلی ئێران  و داوای لە خودای موتەعال کرد شەفای عاجل بە نەسیبی بریندارانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە بکات.

"جابر المبارک الحمد الصباح" سەرۆک وەزیران و "نواف الأحمد الجابر الصباح" شالیاری کوەیتش لە دوو پەیامی بەجیادا بۆ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستانیان ئیدانە کرد.

"شیخ تمیم بن حمد آل ثانی" میر، "عبدالله بن حمد آل ثانی" شالیار و "عبدالله بن ناصر آل ثانی" سەرۆک وەزیرانی قەتەریش لە سێ پەیامی بەجیادا بۆ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستانیان ئیدانە کرد و لەگەل دەوڵەت و گەلی ئێران هاوخەمییان دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی لوبنانیش لە پەیامێکدا پەلامارە تیرۆریستییەکەی جادەی "خاش - زاهیدان"ی بە توندی ئیدانە کرد.

شەوی پێنجشەممە پاسی هەڵگری سنوورەوانانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جادەی "خاش _ زاهیدان" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، وەبەر پەلامارێکی تیرۆریستی کەوت . بنکەی قودسی هێزی زەوینی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو لە ئاگادارینامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی پارێزگای سیستان و  بەلوچستاندا ٢٧ سنوورەوانی ئێرانی شەهید و ١٣ کەسیشیان بریندار بوون.

گرووپی تیرۆریستتیی جەیشولزوڵم شەوی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ.

پارێزگاری سیستان و بەلوچستان، شەوی پێنجشەممە بە ئیدانە کردنی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە، لە ئەمڕۆ (پێنجشەممە)ـەوە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.

بۆچوونت