Nov 13, 2019 07:52 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سزادرانی داگیرکەرانی زایۆنی، پێویستە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەوڵی ترۆریستیی رژیمی داگیرکەری قودس لە هێرش کردنەسەر غەززەو ترۆری یەک لە فەرماندەرانی جەهادی ئیسلامیی فەلەستینی شەرمەزار کرد.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، سەید عەبباس موسەوی ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها جەختی کرد لەسەر پێویستیی پێوشوێن گیران و سزادرانی داگیرکەرانی فەلەستین لە دادگە نێودەوڵەتییەکان وەک تاوانکارانی جەنگی .

موسەوی وێڕای پەسندانی خەباتی ڕەواو خۆڕاگریی پاڵەوانانەی گەلی فەلەستین، وەحدەت و خۆڕاگری بەتەنیا بژارەی خەڵک لە بەرەوڕووبوونەوەی داگیرکەرانی فەلەستین، ناوبرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بەئاماژە بە بێ دەنگیی و ناکارایی ڕێکخراو و کۆڕو نێوەندە نێودەوڵەتییەکان لەهەمبەر دەسدرێژکاری وکردەی ترۆریستیی رژیمی زایۆنی،  وتی: بەداخەوە لەسای داکۆکی لەو رژیمە ملهوڕ و منداڵکوژە، تاوانکارییەکان و ترۆری خەڵک و خەباتکارانی فەلەستینی لەناوخۆ و دەرەوەی سەرزەوینە داگیرکراوەکان هەروا بەردەوام بووە. وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەروەها داوای لە ڕێکخراو و نێوەندە ناوچەیی وجیهانییەکان کرد ئەرک و بەرپرسایەتی مرۆیی ویاسایی خۆیان لەمەڕ ڕاگرتنی هەوڵە ترۆریستییەکانی داگیرکەرانی قودس و پاڵپشتی لە خەڵکی بێتاوان و ستەملێکراوی فەلەستین، جێ بەجێ بکەن. لەئەنجامی دەسدرێژکاری فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە، چوار فەلەستینی لەوان "بەهاء ئەبووعەتا" فەرماندەرێکی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین شەهیدو بیست وپێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

بۆچوونت