• لە دادگەی پێداچوونەوەدا؛ حوکمی ٥ مانگ زیندانی دەمیرتاش هەڵوەشایەوە

دادگەی پێداچوونەوەی ئەرزرووم حوکمی ٥ مانگ زیندانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپەی کە لە لایەن دادگەیەکی ناوچەیی بە سەریدا سەپابوو، بە هۆی کەمی و کوڕی لە بەڵگەکان دا، هەڵوەشاندەوە.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی دۆغان، دادگەی پێداچوونەوەی ئەرزرووم کە بەرپرسایەتیی پێداچوونەوە بە حوکمی زیندانی کرانی 5 مانگەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) کە لە لایەن دادگەی ناوچەیی دۆغۆ بایەزید دەرکرابوو، لە ئەستۆ بوو، بە هۆی کەمی و کوڕی  بەڵگەکان ئەو حوکمەی هەڵوەشاندەوە.

دەمیرتاش لە وتەدان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی 2016 کەڵکی لە دەستەواژەی "تیرۆری حکوومی" وەرگرت کە ئەم پرسە لە لایەن دادگەی ٢ی سزای دۆغۆ بایەزیدەوە بە تاوان ناسرا و لە بەرواری 17ی فڤرییە 2017 بە تۆمەتی "سووکایەتی ڕاشکاوانە بە دەوڵەت" بە 5 مانگ زیندان حکم درا.

بەڵام دادوەری ئەو دۆسیە دواتر خۆی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی جەماعەتی گولەن لە سەر کار دەرکرا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی "مەحسوون کارمان" پارێزەری دەمیرتاش ئەو حوکمە بۆ پێداچوونەوە ڕادەستی دادگەی ناوچەیی ئەرزرووم بکات، کە لە پێداچوونەوەی ئەو دادگەیە حوکمی ٥ مانگەی زیندانی کردنی دەمیرتاش هەڵوەشایەوە.

Jul 15, 2017 10:02 Asia/Tehran
بۆچوونت