• ئانگێلا مێرکل: پرس وبابەتی نێوان ئاڵمان و تورکیا دەبێ لەڕێی وتووێژەوە لەناتۆ چارەسەر بکرێن

مێرکل هیوادارە، کێشەی دیداری نوێنەرانی ئاڵمان لەگەڵ سەربازانی ئاڵمانی جێگیر لە پێگەی ئاسمانیی ناتۆ لە قونییە لەڕێی وتووێژەوە لەنێوان هاوپەیمانانی ناتۆدا چارەسەر بکرێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە یەنی شەفەق، ئانگێلا مێرکل ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان داوای کرد، کێشەی بەدیهاتوو لەبارەی دیداری نوێنەرانی پەرلەمانی ئاڵمان لەگەڵ هێزە ئاڵمانییەکانی جێگیر لە پێگەی سەربازیی ناتۆ لە پارێزگای قونییە لەتورکیا، لەڕێی وتووێژەوە چارەسەر بکرێ.

مێرکل لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەی ئاڕ دی وتی: پرسەکانی بەردەم بەرلین و ئانکاڕا دەبێ بەدانوستانی دوو قۆڵیی و دانوستانی نێوان هاوپەیمانانی ئەندامی ناتۆ چارەسەر بکرێن.

مێرکل وتی: "پرسی قونییە زیاتر هاوپێوەندە بە فەرمانبەرێتی ناتۆ کە ئاڵمانیش داکۆکیەکی بەرچاوی لێ دەکا. لەو ڕووەوە، نەک هەر حکومەتی ئاڵمان، بەڵکوو ناتۆش دەبێ لەگەڵ تورکیادا دانوستان بکات."

رۆژی هەینی حکومەتی تورکیا دیداری پلان بۆکراوی نوێنەرانی پەرلەمانی ئاڵمان لە پێگەی ناتۆ لە پارێزگای قونییەی هەڵوەشاند و ڕایگەیاند، ئەو دیدارو دیمانەیە لەبارودۆخی سیاسی ئێستادا بەقازانج نییە.

پێشتر حکومەتی تورکیا هەر بەو بیانووە، پێشی گرت بە دیداری نوێنەرانی ئاڵمانی لەگەڵ هێزە ئاڵمانییەکانی جێگیر لە پێگەی ئاسمانیی ئینجرلیک و بووە هۆی هاتنەدی کێشەو ئاڵۆزیی لەپەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات. سەرەنجام پەرلەمانی ئاڵمان دەنگی دا بە چوونەدەری ئەو هێزانە لە تورکیا.

فەرمانبەرێتی ئێستای ناتۆ لەپارێزگای قونییە داکۆکی هەواڵگریی لە هێزە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان لەشەڕی دژ بە دەوڵەتی بەناو ئیسلامیی عێراق و شام(داعش)ـەو نزیک بە بیست سەربازی ئاڵمانیش لەو فەرمانبەرێتییەدا هاوبەشن.

 

Jul 17, 2017 16:27 Asia/Tehran
بۆچوونت