• نوێ کرانەوەی ماوەی ڕەوشی نائاسایی لە تورکیا

پەرلەمانی تورکیا ئێوارەی دووشەممە ماوەی دۆخی نائاسایی لەم وڵاتەی کە لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە دوابەدوای کودەتای بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی ٢٠١٦ جێبەجێ کراوە، بۆ سێ مانگی دیکە نوێ کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران، وێرای هەموو ڕەخنە و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان بەرامبەر بەو دۆخی نائاساییەی لە تورکیادا بەڕێوە دەچێ، پارتی داد و گەشەپێدان کە زۆرینەی پەرلەمانی لە دەستدایە بە هاسانی توانی ماوەی ئەم دۆخە بۆ سێ مانگی دیکەیش نوێ بکاتەوە.

دەوڵەتی تورکیا سەر لە بەیانی دووشەممە بە ناردنی داخوازێک بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتە،  خوازیاری نوێ کرانەوەی دۆخی نائاسایی لەم وڵاتە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ببوو.

دۆخی نائاسایی لە تورکیا بیستی ژولایی سالی ڕابردوو پێنج ڕۆژ پاش کودەتای بێ ئاکامی ئەم وڵاتە دەست پێ بوو و لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین جار نوێ کراوەتەوە.

یەکێتیی ئەورووپا و پارتەکانی نەیاری دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی ئەم وڵاتەیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە ئەو کودەتایەی کردووە بە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی نەیارانی لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا.

دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات ؛ "فەتحڵلا گولەن" بە دزە کردنە نێو دام و دەزگەکانی دادەوانی، سەربازی، فێرکاری و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکان، کودەتای بێ ئاکامی ١٥ ژولایی وەڕێخستووە. بەڵام گولەن ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

دەوڵەتی ئەردوغان دوابەدوای کودەتای بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی ٢٠١٦، تا ئێستا زیاتر لە سەد و سی هەزار کەسی زیندانی کردووە و ژماەرێکی زیاتریشی لە سەر کار و پۆستەکانیان وەلاناوە.

Jul 18, 2017 10:58 Asia/Tehran
بۆچوونت