• ئاماری گیراوانی نەیاری دەسدرێژکارییەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ٦٦٦ کەس بەتۆمەتی نەیارەتی لەگەڵ ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون لەباکووری سووریا گیراون.

بەپێی ڕاپۆری دوێنێ دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک ڕایگەیاند کە تائێستا ٤٧٤ کەس بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەی تیرۆریستان و پڕووپاگەندە کردنیان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ١٩٣ کەسیش بەتۆمەتی بەشداربوون لە گردبوونەوەو خۆپێشاندانی دژ بە ئۆپراسیۆنی عەفرین، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەو وڵاتە قۆڵبەست کراون.

شیاوی ئاماژەیە، لەنێو کەسانی گیراو، کەسایەتییە سیاسییەکان، پەیامنێران و چالاکوانانی سیاسی، بەرچاو دەکەون.

تورکیا لە شەممە٢٠ی ژانڤییەی٢٠١٨وە بەهاتن بۆ ناوچەگەلێک لەباکووری سووریا، لە پاریزگای حەڵەب، ئۆپراسیۆنێکی لە عەفرین لەژێر ناوی چڵە زەیتوون دەس پێ کرد.

سوپای تورکیا ڕایگەیاند، تائێستا زیاتر لە هەزار و ٣٦٩ کەس لە نەیارانی کوردی ئەو وڵاتە کوژراون.

حکومەتی ئانکارا ئامانج لەو ئۆپراسیۆنەی ، لەناوبردنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) ، پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا(پەیەدە)، یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا(یەپەگە) و گرووپی ڕەشەکوژی داعش لە عەفرین ڕاگەیاندووە. بەڵام حکومەتی سووریا هەردەم وێڕای شەرمەزار کردنی دەسدرێژکاریی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکووری ئەو وڵاتە، ئەو کردەی بە کردەیەکی داگیرکەرانەو پێشێلکەریی سەروەریی وڵاتەکەی زانیوە.

Feb 13, 2018 16:31 Asia/Tehran
بۆچوونت