• پارتی دادو گەشەی دەسەڵاتدار رێگەی نەدا پەرلەمانی تورکیا بڕیار لەدژی رژێمی ئیسرائیل بدات

پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا رێگری کرد لەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی پێشنیازێک دژبە ئیسرائیل پەسەند بکات .

پەرلەمانی تورکیا بەمەبەستی تاووتوێکردنی ئەو گرژییانە کۆبۆوە کە لەدوای گواستنەوەی باڵیۆزخانیە ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان روویدا.

هەرچەندە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە هاوکات سەرۆکی گشتی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوایە، لەمیدیاکانەوە هێرشی توند دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام فراکسیۆنی پارتەکەی رێگریکرد لەوەی پەرلەمان هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بە ئیسرائئیل دەربڕێت.

عەلی شەکەر ئەندامی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماریی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، فراکسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان رێگری کرد لەوەی پێشنیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل.

پێشتریش کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماریی "جەهەپە" داوای لە حکومەتی تورکیا کردبوو کە بەهۆی رووداوەکانی کەرتی غەززەوە کە دەیان فەڵەستینی تێدا کوژرا، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام حکومەتی ئاکەپە ئامادە نییە ئەو هەنگاوە بنێت.

ئادار 16, 2018 10:45 Asia/Tehran
بۆچوونت