• بەیاننامەی کۆتایی یازدەهەمین دانیشتنی کۆڕبەندی پەرلەمانە ئاسیاییەکان لە ئەستەمووڵ

یازدەهەمین دانیشتنی کۆربەندی پەرلەمانە ئاسیاییەکان(APA) لە ئەستەمووڵی تورکیا بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کۆتایی بەکارەکەی هێنا.

بەپێی ڕاپۆری دوێنێ یەکشەممەی هەواڵدەریی ئانادۆڵ؛ لە بەیاننامەی کۆتایی یازدەهەمین دانیشتنی کۆڕبەندی پەرلەمانە ئاسیاییەکان کە ڕێوڕەسمە کۆتاییەکەی رۆژی شەممە بەئامادەبوونی "بینالی یێڵدریم" سەرۆک پەرلەمانی تورکیاو ژمارێک لە بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەوە لە ئەستەمووڵ بەڕێوە چوو، جەخت کرا لەسەر پێویستیی گیرانەبەری ڕەوتێک داڕێژراو لەسەر بنەمای چەسپاندنی ئاشتی، ئاسایش، سەقام و گەشەپێدان، دانوستان، هاوکاری وهاودەنگی بەرامبەر.

لەو بەیاننامەدا هەروەها وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئیسرائیل مافی مرۆڤ لە فەلەستینی پێشێل کردووە، و درێژەش دەدا بە بن پێ کردنی مافە نێودەوڵەتییەکان، پێ داگیرا لەسەر پێویستیی هەوڵە جیهانییەکان بۆ هێنانەدی ئاشتەوایی پاوەجێ و دادپەروەرانە لەناوچەدا.

لەو بەیاننامەدا، پرسی کوژرانی "جەمال خاشوقچی" رۆژنامەنووسی رەخنەگری رژیمی ئالی سەعوود لە کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەمووڵی تورکیاش ئیدانەو شەرمەزار کرا.

دانیشتنی سێ ڕۆژەی یازدەهەمین کۆڕبەندی پەرلەمانە ئاسیاییەکان (APA) لە ٢٩ی نۆڤمبەری٢٠١٨ـەوە بەدروشمی "برەوپێدانی ئابووریی ئاسیا" لە ئەستەمووڵی تورکیاو بەسەرۆکایەتی دەورەیی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

Dec 03, 2018 07:57 Asia/Tehran
بۆچوونت