• هاوسەرۆکی هەدەپە: بۆ پێش گرتن بە سەرکەوتنی هاوپەیمانیی جمهور ئامادەی هاوکاریی لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانین

"سزایی تەمەلـلی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی بەردەم لە تورکیادا، ڕایگەیاندووە: بۆ پێش گرتن بە سەرکەوتنی هاوپەیمانیی جمهور، ئامادەی هاوکاری کردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانین.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە کەناڵی "ئێن تی ڤی"؛ "سزایی تەمەلـلی " هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە لێدوانێکدا بەئاماژە بە پرسی بەربژێریی هاوبەش لە شارە پڕحەشیمەتەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی٢٠١٩ی زایینی ڕایگەیاندووە: هاوبەش بوون لە هەڵبژاردنەکان لەهەموو شوێنێکی وڵاتدا سیاسەتی پارتەکەمانە. لەهەموو شوێنێکی تورکیا بەشداری گۆڕەپانی ململانێی هەڵبژاردن دەبین بەڵام جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە لەو شوێنانەی ئەگەر سەرکەوتنمان وەک تاکەپارت مسۆگەر نەبێ، بۆ پێش گرتن بە سەرکەوتنی ئیئتلافی جمهور و بۆ ڕزگاریی گەلی تورکیا لەرژیمی دەسەڵاتخوازی ئەو هاوپەیمانییە، پێویست بکات هەمە جۆرە هاوکارییەکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەین. لەو پێناوەدا ئەگەر پێویست بکات بەربژێری هاوبەشیش دەسنیشان دەکرێ. ئەگەر پێویست بکات هاوکاریی هاوبەشمان دەبێ هەتا کەسانێک کە پاڵپشتی دیموکراسی، مافەکانی کرێکار و مافی ژنانن، بێنەسەر دەور و دەسەڵات بگرنەدەست.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندووە: لەو بارەوە هەوڵ وهاوکاریی پێویست ئەنجام دەدەین. لە شوێنی وەک ئەستەمووڵ و مێرسین ئەو کارە دەکەین. هەر بەوجۆرەی وتم لەو جێگایانەی هیچ حیزبێک ناتوانێ بەتەنیا سەرکەوتوو بێ، ئامادەین لەتەنیشت پارتەکانی دیکەدا هەوڵ بدەین. ئەوە گرینگترین بەرپرسایەتی ئێمەیە.

Dec 03, 2018 16:44 Asia/Tehran
بۆچوونت