Dec 11, 2018 09:39 Asia/Tehran
  • ئەحمەد تورک: بە بێ کورد دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا گەشە ناکات

ئەحمەد تورک شارەداری وەلانراوی گەورەشاری ماردین ڕایگەیاند: بە بێ کورد، دیموکراسی و ئازادی لە تورکیادا هەرگیز گەشانەوە بە خۆیەوە نابینێ.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی دیوار؛ "ئەحمەد تورک" شارەداری وەلانرای گەورەشاری ماردین و یەکێک لە سیاسەتوانانی بەناوبانگی کوردی تورکیا لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بەو هەوڵانەی لە نێوان پارتە سیاسییەکانی تورکیا دراوە لە ئاراستەی هاوپەیمانی کردن لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆیی تورکیا وتیشی: بە بێ کورد دیموکراسی و ئازدی لەم وڵاتە گەشە ناکات، هەر بۆیە لە هەموو قۆناغەکانی ئەو دیدار و کۆبوونەوانە کە بۆ هاوپەیمانی کردن بەڕێوە دەچن دەبێ بایەخ بدرێ بە هەستیار بوونی مەسەلەی کورد لە تورکیا. لەم بوارەدا ئەو دیدارانەی کە لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا بەڕێوە دەچێ گەلێک کارتێکەر دەبێ.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا راشکاوانە ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتیکی گەلان لە پارێزگاکانی ڕۆژاوای تورکیا وەک ئادەنا، مێرسین، هاتای، ئانتالیا و گرینگتر لە هەموان لە ئەستەموڵ و ئێزمیر هۆگری زۆری هەیە. ئێمە بەردەوام جەختمان کردووە کە ئەو شارانە دەبێ لە دەستی پارتی دەسەڵاتدار دەربێن و بۆ ئەو مەبەستەیش بێتوو بەربژارێک دەس نیشان بکرێ کە لە ڕوانگەی گەلەکەمانەوە باش بێ، ئەو کات ئێمە  ئامادەی هاوپەیمانی کردن، داکۆکی، یەکگرتنەوەی هێزەکان و هەر ناو و نازناوێکین کە ئێوە لە سەری دادەنێن. بە بێ لەبەرچاو گرتنی کوردەکان بە هیچ لەونێ ئازادی و دیموکراسی لەم وڵاتە ناگەشێتەوە و پەرە ناسێنێ. بۆ ئەوەی لە تورکیادا گەلان جارێکی دیکە پێکەوە بن و دیسان ئەو پرۆسەی وتووێژە بێتە ئاراوە، دەبێ بە باشترین شێوە کەڵک وەرگرن لەو هەلەی بە هۆی ئەو هەڵبژاردنانەوە دەڕەخسێ.

بۆچوونت