Feb 10, 2019 11:22 Asia/Tehran
  • هاوسەرۆکی HDP: پێش چارەسەر کردنی کێشەی کورد هیچ مەسەلەیەک لە تورکیا چارەسەر نابێ

سەزای تەمەڵی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا (HDP) کە لە کۆبونەوەی مێرسین وتاری پێشکەش دەکرد بە ئاماژە بە مەسەلەی کورد لە تورکیا رایگەیاند: پێش چارەسەر کرانی کێشەی کورد هیچ کێشەیەکی دیکە لە تورکیا چارەسەر نابێ.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی دیوار؛ "سەزایی تەمەلی" هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە کۆبوونەوەکەی میرسیندا جەختی کرد: ئەگەر دەتانهەوێ لەم وڵاتەدا کێشەیەک چارەسەر بکەن ئەوەتان لە بیر نەچێ کە  پێش چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا ناتوان هیچ کێشەیەکی دیکە لەم وڵاتە چارەسەر بکەن.

ناوبراو ڕایگەیاند کە چارەسەر کردنی مەسەلەی کورد بە مانای چارەسەر کردنی کێشەی چەوسانەوەی کرێکاران، چارەسەر کرانی کێشەی شوناس لە وڵات، چارەسەر کردنی کێشەی ژنان و زۆر کێشەی دیکەیە. 

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان  وتیشی: دەبێ هەموان ئەوە بزانن کە خاڵی یەکگرتنەوەی هەموو پرسەکانی تورکیا کێشەی کوردە.  دەسەڵاتی سیاسیی ئەمڕۆی تورکیا بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر نەکات سوور و پێداگرە لە سەر سیاسەتی شەڕخوزانە و گەمارۆدران و تەریک کەوتوویی بە سەر کۆمەڵگەی تورکیا دادەسەپێنێ.

"سەزایی تەمەلی" لە درێژەی لێدوانەکەیدا راشکاوانە وتی: ئێمە دژ بە سیاسەتی شەڕ و پاوان کردنی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستایش هەر سوور و پێداگرین لە سەر پێشنیاری کۆماری دیموکراتیک لە وڵاتەکەماندا. چارەسەر کردنی کێشەی کورد، گرتنە بەری سیاسەت و ستراتژیی ئاشتیانە و دیموکراتیک لە تورکیا تەنیا هەر لەگەڵ لایەنی سەرەکیی خۆی گونجاو دەبێ.

بۆچوونت