• گۆتێرێش دوای روونبوونەوەی چارەنووسی خاشقچی دەکات

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاشکراکردنی "ڕاستی" دیارنەمانی جەماڵ خاشقچی ، رۆژنامەنووسی سعودی دەکات.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە دیارنەمانی لەوشێوەیە دەبێتە "مۆدێلێکی نوێ" و چەندبارە دەبێتەوە.

خاشقچی،کە ڕەخنەگرێک بووە لە حکومەتی سعودیە، دوای ئەوەی  رۆژی دووی ئەم مانگە سەردانی کونسوڵگەریی ئەو وڵاتەی کرد لە ئەستنەبوڵ، تا ئێستا بێ سەروشوێنە و ھەندێک سەرچاوە دەڵێن لەناو کونسوڵگەرییەکەدا بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراوە. 

بەڵام حکومەتی سعودیە دەڵێت سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لەکوشتنی خاشقچی دەکرێت لەناو کونسوڵگەرییەکەی لە ئەستنەبوڵ ناڕاستن. 

گۆتێرێش لەمیانی کۆبونەوەیەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە شاری بالی ڕایگەیاندووە " پێویستە ئێمە داوایەکی پتەومان ھەبێت تا ڕاستییەکە ڕوون بکرێتەوە."

ووتیشی " پێویستە ئێمە بە دیاریکراوی بزانین چی روویداوە و پێویستە بە دیاریکراوی بزانین کێ بەرپرسە، و بەدڵنیاییەوە، کاتێ چەندبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕەوشانە دەبینین پێموایە پێویستە چەند ڕێگایەک بدۆزینەوە کە تیایدا لێپێچینەوەش بکرێت." 

ڕونیشیکردووەتەوە پێویستە سیستمی یاسایی بتوانێت زامنی لێپرسینەوە بکات، و نیگەرانی خۆی دەربریوە لە دووبارەبوونەوەی کەیسەکەی خاشقچی. 

Oct 13, 2018 17:58 Asia/Tehran
بۆچوونت