Dec 17, 2018 13:31 Asia/Tehran
  • دانپێدانانی سەرۆک وەزیرانی فەڕانسە: هەڵەمان کرد

سەرۆک وەزیرانی فەڕانسە پاش درێژەی خۆپێشاندانی "هێلەک زەردەکان" وتی کە حکومەت هەڵەی کردووەو بەڕادەی پێویست وەڵامی داواکاریی جەماوەری نەداوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەرانسە، "ئێدوار فیلیپ" سەرۆک وەزیرانی فەڕانسە رۆژی یەکشەممە لە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەی "لزاکۆ" وتی: "باس و لێدوان لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆپرسی هاتووەتە ئاراوە کە دەتوانێ ئامرازێکی باش بێ بۆ دیموکراسی."

بەڕێوەچوونی کۆپرسی بەمەبەستی جێ بەجێ کرانی چاکسازی لە حکومەتدا، یەکێک لە داواکاریی خۆپێشاندەران و چالاکوانانی بزووتنەوەی دژە سەرمایەداری لە فەڕانسەیە.

"ئێمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە هەوڵدانی بۆ کز و کەمڕەنگ کرانی خۆپێشاندانە جەماوەریەکان، هەندێ بەڵێنی داوە کە ئابووریناسان وامەزەندە دەکەن، جێ بەجێ کرانی ئەو بەرنامانە ١٥ملیارد یۆرۆ(١٧ملیارد دۆلار) بودجەی پێویست بێ.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێدوار فیلیپ ڕایگەیاندووە،  بودجەی ئەو وڵاتە بۆ ٣.٢ لە سەتی بەرهەم هێنانی ناخالسی ناوخۆ کەمی کردووە.

لە پێنجەمین قۆناخی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هێلەک زەردەکان(١٥ی دیسەمبەر) کە بە خۆپێساندان لەدژ زیادکرانی باج لەسەر سوتەمەنی دەس پێ کرا(١٧ی نۆڤمبەر)، نزیک بە ٦٦ هەزار کەس هاتنە سەر شەقامەکانی فەڕانسە.

لە دەسپێکی خۆپێشاندان و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی دژە سەرمایەداری ناسراو بە هێلەک زەردەکان لە فەڕانسە تائێستا هەشت کەس کوژراون و نزیک بە سەدان کەسیش گیراون یان بریندار بوون.

سەرپەیڤ

بۆچوونت