Dec 04, 2019 12:55 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی کۆشکی سپی بە بڵاوبوونەوەی راپۆری لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترامپ

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕاپۆری بڵاوکراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەبارەی لێکۆڵینەوەی هاوپێوەند بە لێپێچینەوەی ترامپ ی بە ڕاپۆرێکی "درۆئین" زانی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "ستێفانی گریشام" وتەبێژی کۆشکی سپی دوێشەو(سێ شەممە) لە کاردانەوە بە بڵاوکرانەوەی ڕاپۆری لێکۆڵینەوە لەبارەی لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن کۆمیتەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو لێکۆڵینەوانەی بە "درۆئین" و"یەکلایەنە" نرخاند.

گریشام وتی: لەکۆتایی لێکۆڵینەوەی یەکلایەنەی درۆئین، "ئادام شیف" سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران و دیموکراتەکان نەیانتوانی سەندێک لەبارەی هەڵەی سەرۆک کۆماریی ترامپ بخەنەڕوو.

شەوی سێ شەممە، کۆمیتەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕاپۆرێکی٣٠٠ لاپەڕیی لە لێکۆڵینەوەکانی هاوپێوەند بە لێپێچینەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بڵاوکردەوەو تۆمەتیان دایە پاڵ ناوبراو.

لەو ڕاپۆرەدا ترامپ تۆمەتبارە بەوەی لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماریی کەڵکی ناڕەوای وەرگرتووە بۆ لەگوشارنانی"ڤلۆدیمیر زلێنسکی" سەرۆک کۆماری ئۆکراین بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دژ بە "جۆ بایدن" خەنیمە هەڵبژاردنییەکەی.

ترامپ هەروەها تۆمەتبارە بەوەی لە هەوڵدانی بەرفراوانی بۆ تەگەرەنانەوە لەبەردەم ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاو پێش گرتن بە دەسڕاگەیشتنی ئەو ئەنجومەنە بە شایەتحاڵان وبەڵگە سەرەکییەکان، هاوبەش بووە.

ئەو ڕاپۆرە لەڕاستیدا بنەمای لێپێچینەوەی ترامپ لەخۆ دەگرێ.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا تۆمەتبارە بەوەی یارمەتیی سەربازیی بە ئۆکراین و دیداری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵیدا لە کۆشکی سپی بەستۆتەوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی جێی سەرنجی ترامپ لەبارەی بایدن.

بڕیارە ئەو ڕاپۆرە رۆژی چوارشەممە لەلایەن کۆمیتەی دادەوانیی پەسەند بکرێ و ئەو کۆمیتەیە بە کەڵک وەرگرتن لەو ڕاپۆرە، حاڵەتەکانی پێشێلکرانی دەستور لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئامادەبکاو بوارخۆش بکات بۆ لێپێچینەوە لەترامپ.

سەرپەیڤ

بۆچوونت