• وەڕێکەوتنی هێزی ئێراقی بۆ دەس گرتن بە سەر بیرە نەوتەکانی کەرکووک

راپۆرتەکان لە ستانی نەوتخێزی کەرکووکەوە لە باکووری ئێراق باس لەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە بۆ گرتنە دەستی کۆنترۆڵی بیرە نەوتەکانی ئەم پارێزگەیە، بەرەو ئەم ناوچانە وەڕێ کەوتوون.

ژێدەرە ئەمنییەکان بە هەواڵنێری ئیرنایان گوت کە هێزە چەکدارەکانی ئێراق بریتی لە هێزی کاردانەوەی خێرا، ڕێکخراوی خەباتی دژ بە تیرۆر، و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەوی هەینەوە بەرەو بیرە نەوتەکانی پاریزگەی کەرکووک وەڕێ کەوتوون.

ئەم بیرە نەوتانە لەو کاتەوەی کە داعش ژوەنی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر کەرکووک لە کۆنترۆڵی هێزی ئێراقیدا نەما و  پاشان دوای ئەوەی کە زەبرێکی قورس لەو گرووپە تیرۆریستییە کەوت، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ئێراق دەستی گرت بە سەر ئەو بیرە نەوتانەدا.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکەی ئەمدواییە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، بەغدا داوای لە کاربەدەستانی هەرێم کرد کۆنترۆڵی بوارگە سەرسنوورییەکان، فڕۆکەخانەکانی هەرێم و هەروەها بیرە نەوتییەکانی ناوچەکانی ناکۆکی لەسەرلەوان کەرکووک ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی بکەنەوە.

هەواڵنێری ئیرنا لە هەولێرەوە ڕاپۆرتی دا کە مێدیاکانی کوردستانی ئێراق لە چەن کاژێر لەمەوبەرەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەریکی بڵاو کردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرت لەم بارەوەن.

دوابەدوای بەڕێوە چوونی گشتپرسی جیا بوونەوە لە ناوچەی کوردستانی ئێراقدا، (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧) ، بەغدا هەندێ بڕیاری لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراق کردۆتە بەرنامەی سەرەکی خۆی.

"حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق بۆ دەست پێ بوونەوەی وتووێژەکانی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان، سێ مەرجی ڕاگەیاندووە کە بریتین لە "ڕێزدانان بۆ یاسای بنەڕەتیی ئێراق"، ڕێزدانان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێراق" و " هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان".

Oct 13, 2017 11:54 Asia/Tehran
بۆچوونت