• سەرۆک کۆماری عێراق ناسێندرانی قودسی  وەک پێتەختی ڕژێمی زایونی رەت کردەوە

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى عیراق بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەمەڕ بە فەرمی ناسینی قودس وەکو پێتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلەبیبەوە بۆ شاری قودسی ڕەت کردەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی پی یو کەی میدیای سەربە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانی عێراق، دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى عیراق بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکای لەمەڕ بە فەرمی ناسینی قودس وەکو پێتەختی ڕژێمی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلەبیبەوە بۆ شاری قودسی ڕەت کردەوەو هۆشداریشی دا لە دەرەنجامی مەترسیداری جەنگ و سەرهەڵدانی ململانێی چەکداری و پەرەسەندنی تێرۆر لە ناوچەکەو جیهاندا.

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى عیراق لە بەیاننامەیەکدا نەیارەتیی توندی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە سەبارەت بەو بڕیارە ستەمکارو بێ بنەمایەی دەوڵەتی ئەمریکاو ئەو هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپی بە گورزێکی توند زانی کە لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکەوێ.

ناوبراو رونیشیکردەوە: ئەم بڕیارە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاساوڕێسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەو وەک پێشێلکردنی مافە رەواکانی گەلی فەڵەستینی براشمان دێتە ئەژمار.

سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی عێراقەوە تاکە چارەسەریی رەواو گشتیی کێشەی فەڵەستین هەر بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ و شادبوونی بە مسۆگەر کرانی مافەکانی دێتەدی لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ هێڵەکانی چواری حوزەیرانی 1967 بە پێتەختایەتیی قودسی پیرۆز .

سەرۆک کۆماری عێراق داواشی لە هەموو برایانی فەڵەستین کرد یەکێتی و یەکڕیزیی نیشتمانییان بەهێزتر کەن کە ئەمە  کۆڵەکەی داکۆکیکردنە لە مافە رەواکانیان.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ عێراقیش دژایه‌تیی‌ خۆی‌ و حکومه‌ته‌که‌ی‌ بۆ بڕیاره‌که‌ی‌ دۆناڵد تره‌مبی سه‌رۆکی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی‌ ئه‌مریکا ڕاگه‌یاند, لەمەڕ گواستنەوەی باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریکا له‌ شاری‌ ته‌له‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس .
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ عێراق له‌کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانی‌ حه‌وتانه‌ی‌ خۆیدا جەختی کرد: ئێمه‌ دژ به‌و بڕیاره‌ی دۆناڵد تره‌مبی سه‌رۆکی‌ ویلایه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی‌ ئه‌مریکاین سەبارەت بەگواستنه‌وه‌ی‌ باڵیۆزخانه‌که‌یان له‌ ته‌له‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس و وشداریشی دا لە دەرەنجام و ده‌رهاویشته‌کانی‌ ئاوا بڕیارێکی پڕمەترسی ئه‌گه‌ر بچێته‌ واری‌ جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کات.

گەڵاڵەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس لەگەڵ کاردانەوەی توندی فەلەستینییەکان و کۆمەڵگای جیهانی دا بەرەوڕوو بووەتەوە. ناتانیاهۆ بەردەوام ترەمپی وەک پشتیوانێکی بەهێزی ڕژێمی داگیرکەری قودس ناساندووە.

جێگای ئاماژەیە کە بەیتولموقەددەس لە ساڵی 1967ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.

 

 

 

 

 

Dec 07, 2017 12:56 Asia/Tehran
بۆچوونت