• خۆپێشاندانی بەرفراوان و دەربڕینی نارەزایەتی بە ڕەوشی ئابووری عەبادی گەیاندە بەسرە

سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش گەڕانەوە لە سەفەری بروکسل بەرەو پارێزگای بەسرە کەوتە ڕێ کە ئەو باژێڕی شایەتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بە دۆخی گوزەرانی نەشیاو و نەبوونی ڕاژەکاریە گشتیەکانە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سومرییە نیوز، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش ئامادەبوون لە دانیشتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژە داعش لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور(ناتۆ) لە شاری بروکسل، پایتەختی بەلژیک، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گەڕایەوە وڵاتەکەی و دەسبەجێ بەرەو پارێزگای سنووری و خاوەن نەوتی بەسرە کەوتەڕێ.

نووسینگەی عەبادی بەدەرکردنی بەیاننامەیەک لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ناوبراو پاش چوون بۆ بەسرە، لە بنکەی سەرکردایەتی ئۆپراسیۆن لەگەڵ فەرماندەرانی ئاسایشی و سەربازی کۆبۆوەو لەڕەوتی ئەو کۆڕ و دانیشتنەش ڕاپۆڕی چڕوپڕی ئەوان لەپەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ئەو پارێزگایە هەڵکەوتوو لەباشووری عێراقی خرایەبەردەست.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ناوچە جیاجیاکانی بەسرە شایەتی بەڕێوە چوونی خۆپێشاندانی بەرفراوانی ناڕازییانی خوازیاری باشترکرانی ڕەوشی گوزەران و ڕاژەکارییە گشتییەکان بوون و لە یەکێک لەو خۆپێشاندانانە، گەنجێک کوژرا و سێ کەسی دیکە بریندار بوون کە ئەو مەسەلە بوو بەمایەی توڕەیی خەڵک.

لەلایەکی دیکەوە عەبدولمەهدی کەربەلایی نوێنەری ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی شیعەکان لە گوتارەکانی نوێژی هەینیی ئەو حەوتە لە کەربەلا وتی: بەسرە ، شاڕەگی ئابووریی عێراق و مەکۆی شەهیدانە، بۆیە دادگەرانە نییە کە لە بێ بەشکراوترین پارێزگاکان بێ. پێویستە حکومەت داواکاریی خۆپێشاندەران دابین بکاو شێلگیرانە بەرەوڕووی گەندەڵکاران بێتەوەو کەسانی خاوەن شیاوەتی ولێهاتوو، دامەزرێنێ.

Jul 13, 2018 17:27 Asia/Tehran
بۆچوونت