• هه‌ر حکومه‌تێک به‌بێ هاوپه‌یمانی سائیرون دروست بکرێت ناتوانێت ساڵێکیش به‌رده‌وام بێت

بەرپرسێکی باڵای ھاوپەیمانیی فەتح لەو باوەڕەدایە، هه‌ر حکومه‌تێک به‌بێ هاوپه‌یمانی سائیرون لە عێراقدا پێک بھێنرێت ناتوانێت ساڵێکیش به‌رده‌وام بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، سه‌رکرده‌یه‌کی هاوپه‌یمانیی فه‌تح جه‌ختی کردووه: هه‌ر حکومه‌تێک به‌بێ هاوپه‌یمانی سائیرون دروست بکرێت ناتوانێت ساڵێکیش به‌رده‌وام بێت.

فالح غه‌زعه‌لی، لە بەرپرسانی باڵای هاوپه‌یمانیی فه‌تح، رایگه‌یاندوه‌: له‌ئێستادا گفتۆگۆکان بۆ پێکهێنانی کوتله‌یەکی گه‌وره‌ بۆ دامەزراندنی حکومه‌ت  له‌نێوان لایه‌نه‌ شیعه‌کان به‌رده‌وامه‌".

بە قسەی ناوبراو:ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ به‌بێ سائروون بێت، ئه‌ویش به‌هۆی رێکنه‌که‌وتن له‌ئه‌نجامی گفتۆ گۆکان، به‌ڵام دیارە هه‌ر حکومه‌تێک به‌بێ سائیرون پێکبهێنرێت ناتوانێت ساڵێکیش به‌رده‌وام بێت.

فالح غه‌زعه‌لی ئەوەشی ڕوون کرده‌وه‌ کە:" سائروون زۆرترین کورسیه‌کانی هه‌ڵبژاردنیان به‌ده‌ست هێناوه‌و خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌رین و بەم پێیە ئاڵۆزاندنیان له‌سه‌ر شه‌قام کاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت".

ئەم بەرپرسە باڵایەی هاوپه‌یمانیی فه‌تح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوە کە: سەرباری ئەمەش تاوه‌کو ئێستا گفتوگۆکان به‌رده‌وامن و هه‌موو هه‌وڵه‌کان بۆ به‌شداریی سائیرون له‌و کوتله‌ گه‌وره‌یه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی دیکەی ھەمان ھاوپەیمانی ڕایگەیاندووە: له‌دوای راگه‌یاندنی کۆتایی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق گه‌وره‌ترین کوتله‌ راده‌گه‌یه‌نرێت.

حه‌نین قه‌دۆ لە بەرپرسانی باڵای هاوپه‌یمانیی فه‌تحیش پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە:" پێشتر هه‌ریه‌ک له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح و سائرون رێکه‌وتبوون له‌ سه‌ر ڕێبازێکی سیاسی  بۆ پێکهێنانی گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی ،  به‌تایبه‌ت فه‌تح له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ده‌وڵه‌تی یاسا و نه‌سر زور نزیک بووه‌ته‌وه‌". 

حه‌نین قه‌دۆ جه‌ختی لەوەش کردوه‌ته‌وه‌ کە: هاوپه‌یمانیی فه‌تح له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ سائرون و چه‌ند هاوپه‌یمانیه‌کی تر گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی راده‌گه‌یه‌نن.

بە قسەی ناوبراو، هه‌ریه‌ک له‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کانی" فه‌تح، سائرون، حیکمه‌، نه‌سر، ده‌وڵه‌تی یاسا،به‌ 190 کورسی گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی پێکده‌هێنن بۆ دروست کردنی حکومه‌ت". 

جێگای ئاماژەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، کە بەپێی ئەنجامەکانی، لیستی سەدر بە کۆکردنەوەی 56 کورسی پەرلەمانی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی عێراقی بردووەتەوە، بەڵام ئەو ژمارەیە تەواو نییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی تر هاوپەیمانی دروست بکات.

سەرپەیڤ

Aug 09, 2018 23:22 Asia/Tehran
بۆچوونت