Feb 10, 2019 13:04 Asia/Tehran
  • پەیامی پیرۆزبایی پەرلەمانی ئێراق بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران

سەرۆک پەرلەمانی ئێراق چلەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی لە دەوڵەت و گەلی ئێران پیرۆزبایی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "محەممەد حەلبوسی" سەرۆک پەرلەمانی ئێراق ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە ئامادە بوون لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێراق ، ڕۆڵی ئێران لە یارمەتیدانی ئەم وڵاتە بەرامبەر بە تیرۆری بە دەورێکی لەبیرنەکراو زانی و وتیشی: ئێران و ئێراق دوو وڵاتی ئیسلامین بە خاڵی هاوبەشی زۆر لە بواری مێژوو  و کەلتووردا و ئێستایش هاوکارییەکی هەمەلایەنەیان پێکەوە هەیە.

حەلبووسی سەبارەت بە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران وتی: ئێراق نەیاری هەرچەشنە سیاسەتێکی بایکۆتی دژ بە گەلانە و ئەو بایکۆتانە بۆ ئێراقیش کێشە و گرفتی زۆر بەدی دێنێ.

هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئێراقیش لە پەیامێکدا چلەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی پیرۆزبایی کرد و گەڕانەوەی شکۆ و پێگەی بەرز بۆ ئۆمەتی ئیسلامی و ڕابوونی ئیسلامی لە ڕیزی دەسکەوتە گەورەکانی ئەم شۆڕشە هێنایە ئەژمار.

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی ئێراق هەروەها لەم پەیامەدا، پشتیوانی کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەلەستین، لوبنان، سووریا و ئێراقی بە لەبیرنەکراو زانی.

لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانەوە، واتە ڕۆژی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی(رە) بۆ ئێران هەتا ٢٢ی ڕێبەندان (١١ی فێڤرییە) کە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە، بە دەیەی فەجر ناودێڕ کراوە و هەموو ساڵێ جەژن و ڕێ و ڕەسمی تایبەت لەم رۆژانەدا بەڕێوە دەچێ.

سەرپەیڤ

بۆچوونت