Jul 17, 2019 08:21 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی سەرۆک کۆماریی عێراق لەبارەی دیداری بەرهەم ساڵح و مەسرور بارزانی

سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەو جیهانیان تاووتوێ کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە سومرییە نیوز، ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی دەزگەی سەرۆک کۆماریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە پاش نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە لە کۆشکی سەرۆک کۆماریی "ئەلسەلام"ی شاری بەغدا، پێشوازیی کردووە لە "مەسرور بارزانی"، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری.

بەرهەم ساڵح لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای پێداگری لەسەر گرینگایەتی هاواهەنگیی ڕوانگە هاوبەشەکان و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و وتووێژی سازندە بۆ چارەسەریی هەموو پرسە چارەنەکراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستور، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وهاتنەدی دادگەریی، و دڵنیایی دەربڕی لەمەڕ گەیشتن بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکان لەئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و نەهێشتنی کەند و کۆسپەکانی بەردەم دابینکرانی ڕاژەکاریەکان بۆ گەلی عێراق.

بارزانیش باسی هۆگریی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پەرەپێدان بە وتووێژی زیاتر لەگەڵ حکومەتی عێراق لەئاراستەی دەستەبەریی هاتنەدی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەهێزکرانی پەیوەندیی دۆستانەو برادەرانە لەنێوان دوو لایەندا.

بەگوێرەی ئەوەی وا لەو بەیاننامەدا هاتووە، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەیاندا هەروەها گۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە ڕەوشی سیاسی لەئاستی ناوچەو جیهانیان تاووتوێ کرد.

شیاوی ئاماژەیە، سەرۆکی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم سەردانی بۆ بەغدا لەکاتی بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە، نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە لەسەرووی شاندێکی پلەبەرز پێکهاتوو لە ؛ "قوباد تاڵەبانی"، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارێک لە وەزیرانی کابینەی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق کە بڕیارە جگە لە سەرۆک کۆمار، لەگەڵ "عادل عەبدولمەهدی"، سەرۆک وەزیران و "محەممەد حەلبوسی"، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەش دیدار و وتووێژ بکات.

بۆچوونت