• ئەرکی ئیمام سەجاد لە پێناو بەردەوام کردنی بزووتنەوەکەی ئیمام حسێن (د.خ)

هەندێ جار بەردەوام کردنی بزووتنەوەیێک و پاراستنی زۆر دژوارترە لە وەدیهێنان و ڕێکخستنی! ئیمام سەجاد (د.خ) لە قەیراناوی ترین سەردەمی مێژووی ئیسلام، ئاوەها ئەرکێکی وەئەستۆ گرت. چارەنووسی ئیلاهی وای بۆ نەخشاند کە ئیمام سەجاد (ع) لە ڕووداوی کەربەلادا زیندوو بمێنێ تا بە ئاوەز و وشیاری خۆی، ڕووداوەکانی پاش راپەڕینەکەی کەربەلا ڕێبەرایەتی بکات و هەڵیانسووڕێنێ!

دوازدەهەمی موحەڕڕەم ساڵەهاتی شەهید بوونی ئیمامی سەجاد (ع)

سێشەممە دوازدەهەمی موحەڕڕەم ساڵەهاتی شەهید بوونی ئیمامی سەجاد (ع)، کوڕی ئیمام حسێن (ع) و لە ڕۆڵەکانی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام (د.خ)ە. تافی ئیمامەتی بەڕێزی کە پاش کارەساتەکەی کەربەلا و شەهید بوونی ئیمام حسێن (ع) دەس پێ بوو، تایبەتمەندی سەرەنج راکێشی هەیە. ئیمام سەجاد لە کاتی کارەساتی کەربەلا نزیک بە 24 ساڵان تەمەنی بوو و 34 ساڵ پاش ئەو ڕووداوە لە کاتی دەسەڵاتداریەتی  وەلیدی کوڕی عەبدولمەلەک شەهید کرا و لەو ماوەیە بە وەئەستۆ گرتنی ئەرکی ڕێشاندەری ئوممەتی ئیسلامی بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی زوڵم و نەفامی و ستەمی ملهوڕانی کرد.

پاش شەهید بوونی ئیمام حسێن (ع)لە ڕۆژی عاشوورادا، ئالوبەیت و ماڵباتی ئەو حەزرەتە لەلایان سەربازانی جینایەتکاری ئومەوەییەوە یەخسیر کران

پاش شەهید بوونی ئیمام حسێن (ع)لە ڕۆژی عاشوورادا، ئالوبەیت و ماڵباتی ئەو حەزرەتە و لەوانە ئیمام سەجاد (ع) و پووری بەڕێزی حەزرەتی زەینەب (س) لەلایان سەربازانی جینایەتکاری ئومەوەییەوە یەخسیر کران. لەو کاتەدا ئیمام سەجاد (ع) دوابەدوای گەیشتنیان بە شاری کووفە، لە نێوان خەڵکدا وەها بانگی هەڵێنا و لێدوا کە هەر لەو کاتەدا، تاقمێک بە هۆی پاشگەزبوونەوەیان دەستیان کردە گریان و داوای لێبوردنیان کرد لە ئیمام (ع).

لە لاپەڕە پڕ شانازییەکانی دیکەی ژیانی پەیامهێنەری کەربەلا، لێدووانی بەبڕشتانەی بەڕێزی بوو لە مزگەوتی ئومەوی لە شامدا. وتەکانی ئەو حەزرەتە لە شام، ئەوەندە بەبڕشتانە بوو کە یەزید و دەسەڵاتدارانی ئومەوی هیچیان پێ نەکرا و بەو چەشنە خۆیان لە بەرامبەر شەپۆلێکی گەورە لە پەیامەکانی کەربەلادا دیت و لە یەکەم دەرفەتدا کارەوانی یەخسیرەکانیان گەڕاندەوە بۆ مەدینە.

سەحیفەی سەجادیە

گەڕانەوەی ئیمام سەجاد (ع) بۆ مەدینە، قۆناغێکی نوێی بەرپرسایەتی خستە ئەستۆی بەڕێزی. یەکێک لە هەنگاوە پڕبایەخەکانی ئیمام سەجاد (ع) لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینەکەی کەربەلا، ئامادە کردنی دۆعا و نزایێکی پڕمانا و بەکاکڵە. ئەم دۆعایانە لە کتێبێک لەژێرناوی "سەحیفەی سەجادیە"دا کۆ کراوەتەوە.

سەرەخۆشی دەڵێین بە بۆنەی ساڵەهاتی شەهید بوونی ئەم ئیمامە بەڕێزە و هیوادارین هەموومان شوێن کەوتەی ڕاستەقینەی بەڕێزی بین.

 

سەرپەیڤ

Oct 03, 2017 00:37 Asia/Tehran
بۆچوونت