• ٧ گرووپی بیانی و ٥ کەسایەتیی ناسراوی سینەمای ئێران لە مەریوان

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان باسی ئامادە بوونی زیاتر لە ٧ گرووپی دەرەکی و ٥ کەسایەتیی ناسراوی سینەمای ئێران لە سێزدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوانی کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جەلال قەلعەشاخانی لە دانیشتنی هاوبیریی سێزدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە بە ئامادەبوونی فەرمانداری مەریوان بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە ٥٢٧ بەرهەم و ئایدیا بەڕێ کراوە بۆ نووسینگەی ئەو فێستیڤاڵە و وتیشی: لە قۆناغی یەکەم لەو ژمارەیە بۆ بەشی ئازاد ٨٧ ئایدیا و بەرهەم و بۆ بەشی ئایینی ١٥ ئایدیا و بەرهەم هەڵبژاردراون.

قەلعەشاخانی وتیشی: ئەو فێستیڤاڵە پێگەیەکی باڵای لای هونەرمەندانی بواری شانۆی سەرشەقامی ئێران هەیە و بەشداریی بەربڵاوی ئەو هونەرمەندانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

بەرێوەبەری سێزدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دوا مۆڵەتی ناردنی CDی ئایدیا قبووڵ کراوەکان بە نووسینگەی فێستیڤاڵ ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕاگەیاند و وتیشی:  پاش کۆتایی مۆڵەتی ناردنی بەرهەمەکان، ٩٥ گرووپ ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەو فێستیڤاڵە ڕاگەیاندووە.

قەلعەشاخانی باسی دەسپێکی پلانی پێداچوونەوە بە ئایدیا و بەرهەمە گەیشتووەکان بە نووسینگەی فێستیڤاڵی کرد و وتی: بە پێی پلانی داڕێژراو دەبێ پێداچوونەوە تا رۆژی ٢٢ی گەلاوێژ کۆتایی پێ بێت و گرووپەکانی هەڵبژێردراو بۆ بەشی کۆتایی فێستیڤاڵ تا ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ دیاری بکرێن و بناسێندرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: زیاتر لە ٧ گرووپ لە دەرەوەی ولات هاتوون بۆ بەشداری لەم خولەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان . هەروەها جیالەوە ٥ کەسایەتیی ناسراوی سینەمایی و تەلەڤیزیۆنیی ئێرانیش هاوکات لە گەڵ رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ دەگەنە شاری مەریوان.

ناوبراو یەکەم چالاکییەکانی کردنەوەی بینای پلاتۆی مەریوان، پەردەلادان لە پۆستەری فێستیڤاڵ، وەڕێخستنی کەرنەڤاڵی شادی لە ئایینی کردنەوەی ئەو فستیڤاڵە، ئاگرکردنەوە و پەرەنگ وەشاندن لە شەوی کردنەوە، بانگهێشتی هەواڵنێرانی ناوخۆ و میدیاکانی دەرەوەی وڵات و و دابین کردنی هەموو ئیمکاناتی پێویست لە مەریوان بەشێکن لەو پلانانەی کە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە لە لایەن بنکەی بەڕێوەبەریی سێزدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە بەرچاو گیراون.

شایانی باسە، سێزدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە رۆژانی ١٠ تا ١٤ی خەرمانان لە شاری مەریوان بەڕێوە دەچێت.

Aug 09, 2018 13:11 Asia/Tehran
بۆچوونت