Mar 19, 2019 19:21 Asia/Tehran
  • ئێعتکاف؛ لەبیر بردنەوەی هەمووشتێک جگە لەیار

یەکێ لە بەرنامەکانی مەعنەوی وگۆڕان بەدی هێنەریی مانگی پیرۆزی ڕەجەب، بەرنامەی ئێعتکافە لە ڕۆژانیی سێزدەهەم و چواردەهەم و پانزدەهەمی مانگی ڕەجەب دا. ئەم ڕۆژانە بە "ڕۆژانیی ئەبیەز"بە ناوبانگن.بەرنامەی ئیعتکاف سێ ڕۆژە. موسولمانی هۆگر لەم ماوەیە دا لە مزگەوتەکان دا دەمێننەوە و خەریکی دۆعا و نزا و پارانەوە دەبن.

خوداوەند لە ئایەتی ٦ سوورەتی ئینشقاق بە ئاماژە بەم چالاکییە هاوڕێ لەگەڵ هەوڵ وتێکۆشانی ئینسان دەفەرمێ: " یا ایها الانسان انک کادح الى ربک کدحا فملاقیه : ئەی ئینسان! تۆ بە هەوڵ و ڕەنجی خۆت بەرەو پەروەردیگاری خۆت دەڕۆی و دەیبینی".ئەم ئایەتە پێمان دەلێت دیداری خوداوەند و ئامادەبوون لە بارەگای دا،بۆ هەموو ئینسانەکان و بە هەر کردارێک مسۆگەرە.

بەڵام چلۆنایەتی ئەم دیدارە بەستراوە بە ڕێگا و ڕێبازێک کە مرۆڤ دەیپێوێت. ئینسانێک وا لە ڕێگای ئیمان، چێکردنەوەی خۆی و دڵ و دەروون و نەفسی خۆی هەنگاو هەڵدەگرێت،لەگەڵ خۆشەویستی و دڵۆڤانی خوداوەند دیدار دەکات،بەڵام ئەگەر ڕێگای کفر لە پێش بگرێت، ڕق و توورەی ئەو دەبینێت. کە وایە ئەو کەسەی وا بە دوای خۆشەویستی خوداوەندە،دەبێ خەریکی عیبادەتی ڕاستەقینە بێت و ڕێگای خاوێن کردنەوەی نەفسی خۆی بپێوێت،تا پێس لە دیدار، خۆی ئامادەکردبێت بۆ دیتنی خوداوەند.

بۆ خاوێن کردنەوەی نەفس پێویستە کە ئینسان بڕێجار بچێتە شوێنێک بەتەنیا  و خۆی لە هەموو بابەتەکانی دنیایی دوور بخاتەوە، خەریکی بیرکردن و تێفکرین بێت و پاشان بە سۆزی دڵ و فرمێسکی چاوەکانی، دڵ و دەروونی خۆی لەهەر ناپاکییەک بسرێتەوە.ئامادە بوون لە کۆمەڵگە و بەشداری کردن لە چاڵاکییەکانی کۆمەڵگا لە وێنەی ڕاسپێریەکانیی هەموو ئایینە ئیلاهییەکانە. یەکێ لەم دەرفەتانە" ئێعتکافە".

مانای ووشەی ئێعتکاف، مانەوە لە شوێنێکە، بەڵام لە ئیسلام، مانەوە لە شوینێکی پیرۆزە بەمەبەستی نزیک بوونەوە لە خوداوەندی بەرز و بێ هاوتا. بە لەونێک کە پێغەمبەری نازداری ئیسلام(د.خ)  پێش لە  بێعسەت، لە ئەشکەوتی حەرا دا خەریکی دۆعا و نزا و پارانەوە و عیبادەتی پەروەردەگار دەبوون و دوای هەڵبژێردرانیشی وەک پێغەمبەری خودا لە مزگەوتی مەدینە دا مۆعتەکێف دەبوون.  

لە ڕاستی دا ئێعتکاف، کاتێکە بۆ سپاردنی دڵ و دەروون بە خوداوەند،لەمەڕ ڕێژەنی ڕەحمەتی بێ سنووری ، بۆ شۆردنەوەی هەموو ناپاکیی و سووچ و تاوانەکان. ئێعتکاف بۆ نوورانی کردنەوەی دڵ و بێگەردکردنەوەی ڕووح ئەنجام ئەدرێت.لە ڕوایەتێک دا ئیمام سادق(ع) فەرموویەتی:" الیس کل محب یحب خلوة حبیبه : ئایا هەر دڵدارێک پێ خۆش نییە لەگەڵ خۆشەویستیی خۆی دا بە تەنیا بێت؟"!

مانگی ڕەجەب یەکێ لە باشترین کاتەکانە بۆ ئێعتکاف. مانگێک کە وەکوو دەستپێکی بەهاری مەعنەوی ناوی لێدەبەن.ڕەجەب، یەکەم مانگە لە وەرزی مەعنەوی و مانگیی پشکووتنی ئینسانە.لەم مانگە دا ، دەرفەتێکی شاز بۆ تەزکییە و خاوێن کردنەوەی ڕووح دابین دەبێت کە هەر وەک بەهار دەتوانێ بوار بۆ گۆڕان و لەدایکبوونێکی دیکە بۆ ئینسان خۆش بکات.ڕۆژانی ئەبیەز یان هەمان ڕۆژانی سپی بە تایبەتمەندی خۆیان، دەرفەتێکی زۆر باشن بۆ ئێعتکاف.

 

 

سەرپەیڤ

بۆچوونت