• دادگای فیدراڵی عێراق پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەربڕی _ 
پەرلەمانتارانی کورد : دەستخۆش

دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی بۆ سکاڵاکانی سەرۆک کۆمار و کۆمسیۆن ئەنجامدا و پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەربڕی .

دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی 6ی حوزەیراندا پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەکان دەستورییە.

دادگای فیدراڵی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و تاوتوێکردنی سکاڵاکەی سەرۆک کۆماری عێراق و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە.

بەرپرسێکی دادگای فیدراڵی عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستوورییە.ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی 6ی حوزەیراندا پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەکان دەستورییە.هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەو دەنگدانی تایبەتی هەرێمی کوردستان و مەرجدارکردنی دەنگدانی ئاوارەکانی عێراق بەهەدەردانی دەنگە".

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، دەبێت دەنگی هێزە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان بەدەست بژمێردرێنەوە.دادگای فیدراڵی عێراق رونیشکردەوە، ھەتا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو دەست پێ دەکات، ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی دەرکردنی یاسایی هەیە.

لە پاش ئەم بڕیارە،پەرلەمانتارانی کورد دەستخۆشییان لەبڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کرد و بڕیارەکەیان بە دادپەروەرانە ناوزەد کردووە.

لەم پەیوەندییەدا،هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان،  ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ سەلماندمان کە لەهەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە  بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەبەرژەوەندی خەڵکە  و ئەوەی ئەمڕۆش دادگا ئەنجامدی دا سەرکەوتنی گەل بوو".

هاوکات عادل نوری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراقیش جەختی کردووە: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق دادپەروەرانە بوو و دادگا بڕیارە ڕاستەکەی دا.

عادل نوری وتووشیەتی:ئێمە بەگەندەڵی  و ساختەکارییەکان ڕازی نەبووین و  هەنگاوەکانمان بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان سەرکەوتو بوو و بە بڕیاری ئەمڕۆی دادگاش لەمەودوا کەس ناوێرێت ساختەکاری وەکو ڕابردو ئەنجام بدات.

سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی عێراقیش ڕۆژی پێنج شەممە لە شاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند: هیوادارین بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 12ی ئایارەوە جێگە بگرێت،گومان لەوەدا نییە کە  گزیکاری لەدەنگی تایبەتدا کراوەو بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەنگەکان بە دەست هەژماردەکرێنەوە.

سەڵاحەدین بەهادین ئەوەشی خستەڕوو،گزیکاری لە دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکاندا هەبووە، سەرەڕای ئەوەش دادگا داواکاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی رەتکردووەتەوە، بەڵام گرنگتر لە ئەوە هەژمارکردنەوەی دەنگەکانە بە دەست.ئەمینداری گشتی یەکگرتوو هەروەها پابەندبوونی حزبەکەی بە بڕیارەکانی پەرلەمانەوە راگەیاند.

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى دیموکراسى و دادپه‌روه‌رىی کوردستانی عێراقیش رایگه‌یاندووە: بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق سەرەتایەکی گرنگە بۆ گێڕانەوەی دەنگی ھاوڵاتیان و هیوادارین ببێتە مایەی چارەسەریی بنەڕەتی بۆ ساختەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن. به‌رهه‌م ساڵح له‌ نوسینێکدا که‌ له‌ په‌یجى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووک بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، وتووشیەتی: ئێمە لە ھاوپەیمانی هەر زووبەزوو پێداگیرمان کرد لەسەر ڕێکارە یاسایی و دەستورییەکان بۆ پارێزگاری لە دەنگی هاوڵاتیان.

ناوبراو جەختیشی کرد:چاوەڕوانین لە دەسەڵاتی دادوەری ئەرکە یاساییەکانی خۆی دوور لە دەستێوەردانی سیاسی بە ئەنجام بگەیەنێت، دەربازکردنی ئەم وڵاتە لە قەیرانی سیاسی و ساختەکاری بەندە بە سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دسەڵاتی دادوەری، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و لایەنە سیاسیەکانیش هاوکار بن بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە شێوەیەکی راست و بێ دواکەوتن و بە دوواداچوونی یاسایی تەواوی پێشێلکارییەکان .

رێبوار تەها پەرلەمانتاری سەربە فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراقیش لەبارەی بڕیارەکانی ڕۆژی پێنج شەممەی  داگای فیدراڵییەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەنگی تایبەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان زۆر روونە، دیارە لەهەر شوێنێک تانە هەبێت یان گومان لەسەر دەنگەکان هەبێت لەو شوێنانە هەژمارکردنەوەی دەستیی بۆ دەکرێت.

رێبوار تەها وتووشیەتی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کۆتایی بەو کێشانە دێنێت کە لەسەر هەژمارکردنەوەو رەتکردنەوەی دەنگەکان هەبووەو پەرلەمانیش یاسای بۆ هەموارکردۆتەوەو بڕیاری بۆ دەرکردوە، بەڵام بەھیواین کێشەی سیاسیی دیکە لەعیراقدا نەیەتە ئاراوە.

لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش و لە ئاستی سەرجەم عێراق دا کەسایەتیە عەرەبەکانیش بۆچوونی خۆیانیان ڕاگەیاندووەو لەم پەیوەندییەدا ، ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆک کۆماری عیراقیش، داوای کردووە رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ساخته‌کاریان له‌ ھه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا کردووه‌ بگیردرێته‌به‌ر و راشیگه‌یاندووە که‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای فیدراڵی که‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ تایبه‌ت به‌ سێیه‌م ھه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای ھه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ری کردووه‌، گورزێکی کوشنده‌ بووە بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ھه‌وڵی گه‌نده‌ڵی ده‌ده‌ن.

ھەر لەم پەیوەندییەدا، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌دریش له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی کرد له‌ ژماردنی ده‌ستیی ده‌نگه‌کاندا بێلایه‌ن بێت و کاتێکی دیاریکراو بۆ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌که‌ دابنێت، بۆئه‌وه‌ی درێژه‌نه‌کێشێت.رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در باسی ئەو مه‌ترسییەشی کرد کە ، پرۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ست ببێته‌ هۆی دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و رایگه‌یاند:به‌وکاره‌ پرۆسه‌ی دیموکراسی زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت. ناوبراو داواشی له‌ لایه‌نه‌کان کرد بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆی جددی له‌پێناو دروستکردنی هاوپه‌یمانییەکی گونجاو که‌ چاکسازی راسته‌قینه‌ بێنێته‌ دی‌ هه‌نگاوبنێن.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق له‌ دانیشتنێکدا پشتگیری‌ خۆی‌ بۆ هەمواری‌ سێیەمی‌ یاسای‌ هەڵبژاردنەکان ده‌ربڕی‌ و رایگه‌یاند که‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ست، ده‌ستوورییه‌، ھه‌روه‌ھا ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی ده‌نگده‌رانی تاراوگه‌، ئاواره‌کان، ھێزه‌ ئه‌منییه‌کان و پێشمه‌رگه‌شی‌ ره‌تکرده‌وه‌.

Jun 21, 2018 22:25 Asia/Tehran
بۆچوونت