• چاوخشاندنێک بە سەر جەنایەتەکەی سەردەشت؛ پێ و شوین گرتنی ئامانجی سیاسی لە ژێرناوی چەکی شیمیایی

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی کیمیابارانی سەردەشت، لە باکووری ڕۆژاوای ئێران، جەختی کرد: دوو رژێمی دەسدرێژکار و پێشینەڕەشی ئەمریکا و ئیسراییل، بەرپرسی بەردەوام بوونی سێبەری نەگریسی چەکی شیمیایی لە ناوچەکەدان.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لەم پەیامەدا جەختی کرد: "ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بە پێشگرتنی پێکهاتنی ناوچەیەکی بەدوور لە چەکی کۆکوژ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەرپرسی جیهانیی بەردەوام بوونی سێبەری نەگریسی ئەم چەکە دژە مرۆییانە لەسەر ئەم ناوچە هەستیار و ستراتژیکەن.

کیمیابارانی شاری سەرسنووریی سەردەشتی ئێران لە ٢٨ی ژوەنی ١٩٨٧ تاقەجاری بەکارهێنرانی ئەم چەکە قەدەغەیە نەبوو کە ڕژێمی سەدام دیکتاتۆری لەسێدارە دراوی ئێراق بە گڵۆپی سەوزی ڕۆژاوا و بە کەڵک وەرگرتن لەو چەکانە نزیکەی ١٢٠ شاروومەندی ئاسایی ئێرانی شەهید کرد. زەبر بینین و دواهاتەکانی ئەو چەکە شیمیاییە تەنیا بە کاتی دەکارهێنانی ئەو چەکە بەرتەسک نابێتەوە و هێشتایش هەر دواهاتەکانی تێکدەرانەی لە سەر خەڵکی سەردەشت و ئەو منداڵانەی دواتر لەدایک بوون هەست پێ دەکرێ. تۆمار کردنی ئەو جەنایەتە لە سای سیاسەتی دووفاقانەی ڕۆژاوا ڕووی دا. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆکە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی داسەپێندراوی ڕژێمی بەعس بە سەر ئێراندا، هەموو چەشنە چەکی ئاسایی و نائاساییان خستە بەردەستی ڕژێمی خوێنمژی بەعس. لە ماوەی ئەو هەشت ساڵ شەڕەی کە سەدام بە سەر ئێرانی دا سەپاند (١٩٨٠ تا ١٩٨٨) کۆمەڵگەی جیهانی تەنیا لە دوورەوە چاوی لە کاریگەری و دواهاتە تۆقێنەرەکانی پەلامارە شیمیاییەکانی ڕژێمی سەدام دەکرد کە پتر لە ١٠٠ هەزار قوربانیی لە ئێراندا لێکەوتەوە.

داکۆکیی ڕۆژاوا لە دەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو قوربانیی بەکارهێنرانی چەکی شیمیایی لەم سەردەمەی ئێستادا، دەورێکی بنیاتنەر و گرینگی لە ئامادە کردن و پەسەن کردنی کۆنڤانسیۆنەکانی تایبەت بە چەکی شیمیایی گێڕاوە. لە وەها ڕەوشێکدا، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەبێ بەرامبەر بە هەنگاوی دڕندانەی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لەم سەردەمەدا ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بەجێ بێنێ. ئەمڕۆکە جەنایەتی جۆربەجۆر وەک جەنایەتەکی سەردەشت، لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ئەم جیهانەدا بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا خەریکی دووپات بوونەوەیە کە لەم نێوانەدا ، ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا و ڕژێمی کۆرپەکوژی ئیسراییل دەوری سەرەکی و بنەڕەتی دەگێڕن.

بە دەسپێبوونی قەیرانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا دیسان دووپات کرانەوەی هەڵەکانی رابردووی لە لایەن زلهێزانی زاڵێتی خواز و تەیار کرانی گرووپە تیرۆریستییەکان لەوان داعش بە مادەی ژاراوی و چەکی شیمیایی و کەڵک وەرگیردران لەوانە لە سووریا و ئێراقی بە خۆیەوە بینی. پێش تیاچوونی خەلافەتی خۆوتەنیی داعش، ئەم گرووپە تیرۆریستییە و تیرۆریستانی دیکە کە هەموو چەشنە چەکی شیمیاییان خرابوویە بەردەست، لە سەدەی بیست و یەکەمدا، جەنایەتی لە چەشنی جەنایەتەکەی سەردەشتیان ئەنجام دا. خاڵی سەرنج راکێش سەبارەت بە دووپات بوونەوەی ئەو جەنایەتانە ئەوە بوو کە تیرۆریستان زۆر بە هاسانی دەستیان بەو مادە شیمیاییانە دەگات و زووبە زوو لە سووریا بە ئامانجی سیاسیی بەکاری دێنن. خان شێخوون لە ئەدلیب، هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای سووریا و "دوما" لە ناوچەی ستراتژیکی غوتەی ڕۆژهەڵات لە نزیکی پێتەختی سووریا، ئامانجی پەلامارە شیمیاییەکانی تیرۆریستانی داکۆکی کراو لە لایەن ڕۆژاواوە بوونە.

ئەزموونی بەکارهێنانی مادەی شیمایی لە سووریا پیشاندەری دووفاقانە بوونی سیاسەت و هەڵوێستی کۆمەڵگەی جیهانی لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەکارهێنانی ئەو چەشنە مادەیەیە.هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی لە ڕێگای دەکارهێنانی مادەی شیمایی، مەترسییەکی تۆقێنەرە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی.

جگە لەوە ڕژێمی زایۆنی بە پێشینەی داگیرکاری و لەبەردەستدا بوونی هەموو چەشنە چەکی ئەتۆمی و کۆکوژ و دەکارهێنانیان بۆ قەڵاچۆ کردنی گەلی چەوساوەی فەلەستین، نموونەیەکی دیکە لەو چەشنە جەنایەتانەیە کە ئێستاکە بیرو  ڕای گشتی و کۆمەڵگەی جیهانی بەچاوی خۆی دەیبینێ. جگە لە چەکی ئەتۆمی و شیمیایی ڕژێمی ئیسراییل، چەکی بیۆلۆژیکیی ئەم ڕژێمەیش مەترسییەکی قووڵە لە سەر ئاسایشی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا. ژمارێک کارناسی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە: "ئیسراییل لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە چەکی هێرشبەرانەی لە بەردەستدا بووە و توانیویەتی لە هەشتاکاندا جبەخانەی شیمیایی هێرشبەرانەی خۆی بە تەواوەتی نۆژەن بکاتەوە."

عەباس عەراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی سیاسیش بڕوای وایە: "ڕۆژهەڵاتی ناڤین تەنیا ناوچەیەکی جیهانە کە پاش شەڕی جیهانیی دووەم دەکارهێنانی بەربڵاوی چەکی شیمیایی بە خۆیەوە بینیوە. ڕژێمی زایۆنی کە خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەکی کۆکوژە، لە کاتێکدا خۆی لە ئەندامەتیی مێکانزیمەکانی چەکداماڵین و قەدەغەی چەکی ئەتۆمی دەبوێرێ،کەهەڕەشە و مەترسییەکی گەورە لە سەر ئاشتی  و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دێتە ئەژمار.

Jun 29, 2018 15:35 Asia/Tehran
بۆچوونت