• ‌هۆکاری پیشاندانی پێشمه‌رگه‌ دیله‌کان له‌ قه‌فه‌سی ئاسنیندا له‌زاری والیی که‌رکوکی داعشه‌وه‌

ئه‌بو حه‌مزه‌ کوردی، والیی به‌ناو که‌رکوکی داعش له‌ دانپێدانانه‌کانیدا له‌به‌رده‌م دادگایه‌کی عیراق هۆکاری پیشاندانی پێشمه‌رگه‌ دیله‌کانی له‌ قه‌فه‌سی ئاسنیندا له‌ شه‌قامه‌کانی قه‌زای حه‌ویجه‌ ئاشکراکرد و رایگه‌یاند ئه‌و کاره‌ ته‌نها بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی وره‌ی چه‌کداره‌کانی داعش بووه‌.

 

له‌به‌رده‌م داگای که‌رخ له‌ شاری به‌غدا و له‌میانی دانپێدانان به‌ تاوانه‌کانیدا، ئه‌بو حه‌مزه‌ کوردی، والیی به‌ناو که‌رکوکی داعش باسی له‌ سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندیکردنی به‌و رێکخراوه‌ کردوه‌ که‌ له‌ رێگه‌ی یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانی به‌ناو ولایه‌تی باکوری به‌غدا به‌ناوی ئه‌بوزه‌ید په‌یوه‌ندیی به‌ داعشه‌وه‌ کردوه‌ و دوای به‌یعه‌تدانیش کراوه‌ به‌ یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی ته‌وبه‌کردن له‌ ولایه‌تی ناوبراو و کاره‌که‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ ته‌وبه‌ له‌و که‌سانه‌ وه‌ربگرێت که‌ له‌ ریزی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عیراق کارده‌که‌ن.

ئه‌بوحه‌مزه‌ به‌وپێیه‌ی وه‌ک ئه‌فسه‌ر کاری کردوه‌ و ئه‌زمونی سه‌ربازیی ته‌واوی هه‌بووه‌، کراوه‌ به‌ والیی سه‌ربازیی ولایه‌تی باکوری به‌غدای داعش و پاشان له‌لایه‌ن به‌رپرسی لیژنه‌ی راسپێرداوی داعش به‌ناوی ئه‌بوموسلم شیشانی، کراوه‌ به‌ والیی ته‌واوی ولایه‌ته‌که‌.

ئه‌بوحه‌مزه‌ باسی له‌وه‌شکردوه‌ که‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ی والیی سه‌رجه‌م ولایه‌ته‌کانی داعش چاوی به‌ ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی که‌وتوه‌ و کۆبونه‌وه‌که‌ش له‌ موسڵ کراوه‌ و دوو رۆژی خایاندوه‌، دواتریش به‌غدادی به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵیدا کۆبوه‌ته‌وه‌ و داوای لێکردوه‌ مانگانه‌ له‌کاره‌کانی ولایه‌ته‌که‌ی ئاگاداری بکاته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر کاره‌کانیشیشدا به‌غدادی بڕێک پاره‌ی وه‌ک پاداشت پێداوه‌.

 سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی گرتنه‌ده‌ستی پۆستی والیی ولایه‌تی که‌رکوک، ئه‌بوحه‌مزه‌ وتویه‌تی که‌ دوای برینداربونی والیی که‌رکوک له‌ گورزێکی ئاسمانیی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی عیراق، ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتوه‌ و قه‌زای حه‌ویجه‌ی کرده‌ه‌ته‌ باره‌گای خۆی.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ئه‌بو حه‌مزه‌ ئاشکرایکردوه‌ که‌ دوای ئه‌وه‌ی کراوه‌ته‌ والیی ولایه‌تی که‌رکوک چه‌ند فه‌رمانێکی سه‌ربازیی ده‌رکردوه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌کی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌و ناوچانه‌ی که‌ هێزی هه‌ردوولای لێ بووه‌، ئاشکراشیکردوه‌ که‌ له‌و شه‌ڕانه‌دا له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ چه‌کی جۆراوجۆری و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی به‌کارهێناوه‌.

ده‌شڵێت له‌ شه‌ڕه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا نزیکه‌ی 700 چه‌کداری داعش به‌شداریی کردوه‌ و دانی به‌وه‌شداناوه‌ که‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی به‌ داعش گه‌یشتووه‌.

ئه‌بوحه‌مزه‌ کوردی دانی به‌وه‌شداناوه‌ که‌ له‌ یه‌کێک له‌ شه‌ڕه‌کاندا 18 ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندی هێزی پێشمه‌رگه‌یان به‌دیل گرتوه‌ و دواتر به‌رگی تایبه‌تیان له‌به‌ری پێشمه‌رگه‌کان کردوه‌ و خستویانه‌ته‌ ناو قه‌فه‌سی ئاسنین به‌ناو قه‌زای حه‌ویجه‌دا گێڕاویانن.

دانی به‌وه‌شداناوه‌ که‌ هۆکاری ئه‌و کاره‌یان بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ تا به‌ پپیشاندانی پێشمه‌رگه‌ دیله‌کان وره‌ی چه‌کداره‌کانیان به‌رزبکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ به‌هۆی ئه‌و زیانه‌ گیانیانه‌ی پێیان گه‌یشتبوو، وره‌ی چه‌کدارانی داعش دابه‌زیبوو، ده‌شڵێت دواتر له‌ ترسی ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و دابه‌زینی سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌کانیان بۆ شاری موسڵ گواستوه‌ته‌وه‌.

سەرچاوە : وێستگە نیوز

Dec 08, 2018 11:59 Asia/Tehran
بۆچوونت