یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە یەپەگە ئامانجی ئەوەیە قەبارەی هێزەکانی لەمساڵدا بۆ 100 هەزار شەڕڤان زیاد بکات، ئەو پلانەش پێگەی کورد لەباکوری سوریا زیاتر بەهێز دەکات.

ڕێدور خەلیل وتەبێژی فەرمی یەپەگە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لەمساڵدا هەڵمەتێکی بەرفراوانی خۆڕێکخستنیان بەڕێوەبردوە بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانیان لە شێوەی سوپایەکدا.

وتەبێژەکە باسی لەوەش کردووە تا کۆتایی ساڵی 2016 ژمارەی شەڕڤانانی ریزەکانی یەپەگە 60 هەزار شەڕڤان بووە لەنێویاندا یەکینەکانی پاراستنی ژنان کە بە یەپەژە ناسراوەو ژمارەیەک 24 هەزار شەڕڤانە، هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە 10 بەتالیۆینی نوێی دیکەش دروستکراوەو هەر یەکەیان 300 شەڕڤان لەخۆ دەگرێت.

رێدور خەلیل ئاشکراشیکرد، ئەوان دەیانەوێت ژمارەی شەڕڤانەکانیان بەرزبکەنەوە بۆ 100 هەزارو کاتی دیارییکراویشیان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نیوەی دووەمی ئەمساڵە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل کە باڵی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکراتە (پەیەدە) لەدوای ساڵی 2011 کە شۆڕشی سوریا دەستی پێکردو هێزەکانی دەوڵەت لەناوچە کوردییەکانی باکوری سوریا کشانەوە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کردو حوکمی خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵیان تێدا دامەزراند.

سەرەڕای مێژووی ناکۆکیان لەگەڵ حکومەتی  سوریادا، بەڵام لەئێستادا لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەیەو لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا خۆیان لاداوە لەپێکدادانی چەکداری لەگەڵ یەکتردا.

سوپای تورکیا لەساڵی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەباکوری سوریا دەستپێکردووە بەئامانجی رێگرییکردن لەفراوانترکردنی مەودای دەسەڵاتی ئەو هێزە کوردیانە.

Mar 21, 2017 11:51 Asia/Tehran
بۆچوونت