• یەپەگە دەیەوێت هێزەکەی بۆ 100 هەزار شەڕڤان زیادبکات

تا کۆتایی ساڵی 2016 ژمارەی شەڕڤانانی ریزەکانی یەپەگە 60 هەزار شەڕڤان بووە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە یەپەگە ئامانجی ئەوەیە قەبارەی هێزەکانی لەمساڵدا بۆ 100 هەزار شەڕڤان زیاد بکات، ئەو پلانەش پێگەی کورد لەباکوری سوریا زیاتر بەهێز دەکات.

ڕێدور خەلیل وتەبێژی فەرمی یەپەگە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لەمساڵدا هەڵمەتێکی بەرفراوانی خۆڕێکخستنیان بەڕێوەبردوە بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانیان لە شێوەی سوپایەکدا.وتەبێژەکە باسی لەوەش کردوە تا کۆتایی ساڵی 2016 ژمارەی شەڕڤانانی ریزەکانی یەپەگە 60 هەزار شەڕڤان بووە لەنێویاندا یەکینەکانی پاراستنی ژنان کە بە یەپەژە ناسراوەو ژمارەیەک 24 هەزار شەڕڤانە، هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە 10 بەتالیۆینی نوێی دیکەش دروستکراوەو هەر یەکەیان 300 شەڕڤان لەخۆ دەگرێت.

رێدور خەلیل ئاشکراشیکرد، ئەوان دەیانەوێت ژمارەی شەڕڤانەکانیان بەرزبکەنەوە بۆ 100 هەزارو کاتی دیارییکراویشیان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نیوەی دووەمی ئەمساڵە.یەکینەکانی پاراستنی گەل کە باڵی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکراتە (پەیەدە) لەدوای ساڵی 2011 کە شۆڕشی سوریا دەستی پێکردو هێزەکانی دەوڵەت لەناوچە کوردییەکانی باکوری سوریا کشانەوە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کردو حوکمی خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵیان تێدا دامەزراند.ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە هێزەکانی یەپەگە لەلایەن یەکە ئیدارییەکانی رۆژئاوای کوردستان کە کاروباری کانتۆنە کوردییەکان بەڕێوەدەبەن پاڵپشتی دارایی دەکرێن و لەلایەن تورکیاوە  دژایەتی دەکرێن. سەرەڕای مێژووی ناکۆکیان لەگەڵ رژێمی سوریادا، بەڵام لەئێستادا لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەیەو لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا خۆیان لاداوە لەپێکدادانی چەکدارای لەگەڵ یەکتردا.سوپای تورکیا لەساڵی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەباکوری سوریا دەستپێکردوە بەئامانجی رێگرییکردن لەفراوانترکردنی مەوداری دەسەڵاتی ئەو هێزە کوردیانە.10 یەکە تازەکەی یەپەگە و بەتالیۆنە نوێیەکانی دیکە کە ئەمساڵ دادەمەزرێن مەشقەکانیان هەموو جۆرەکانی شەڕ، چەک و تەکتیک لەخۆدەگرێت."هێزێکی چەکدارای بەدیسپلین و پێکەوەبەستراو کە مەشقی باشی کردبێت لەسەر تاکتیکە جیاوازەکانی شەڕ گرەنتیەکی راستەقینەیە بۆ بەرگریی کردن لەخۆمان.. بۆ دڵنیایی لە بوونمان وەک نەتەوەیەکی مەزن کە شیاستەی کەرامەتە." نامیلکەیەکی یەپەگە بۆ شەڕڤانە تازەکان بەو شێوەیە باسی هێزەکانیان دەکات.هەموو شەڕڤانێک لەبەتالیۆنە نوێیەکان مانگانە 200 دۆلاری ئەمەریکی وەردەگریت، ئەوەش 20 دۆلار زیاترە لەبەرزترین موچەی ئێستای شەڕڤانەکانی یەپەگە.

Mar 21, 2017 16:19 Asia/Tehran
بۆچوونت