وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند؛ نەیارەتی کردنی پێشنیارەکەی ڕووسیاو ئێران لە ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی سەبارەت بە پێویستیی لێکۆڵینەوە لەبارەی بانگەشەی کەڵک وەرگیران لە چەکی شیمیایی لە ناوچەی خان شێخوون لە پارێزگەی ئەدلیبی سووریا، بە مەبەستی ئەوە بوو کە سەرنجی خەڵکی جیهان ڕاکێشن بەرەو لای ئایدیای پێویستیی گۆڕدرانی ڕژێم لە سووریادا .

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ "سێرگەیی لاڤرۆف" ئەمڕۆ هەینی لە دیداری "وانگ ئی" وەزیری دەرەوەی چین وتی؛ دوێنێ پێشنیاری هاوبەشی ئێران و ڕووسیا لەمەڕ سەردانی کارناسانی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی لەو ناوچانەی سووریا کە گومانی دەکارهێنرانی چەکی شیمیاییان لە سەرە، ڕەت کرایەوە، بە بێ ئەوەی هیچ  شیکارییەکی بە بەڵگە و ڕێک و پێک لە لایەن لێژنە ڕۆژاواییەکانەوە بخرێتە بەردەست.
لاڤرۆف وتیشی؛ بڵاو کردنەوەی زانیاری ساختە و درۆ و دەلەسە سەبارەت بەوەی کە دەولەتی سووریا چەکی شیمیایی بەکار هێناوە، ڕێگایەکە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن بیر و ڕای گشتی لە سەر جێبەجێ کرانی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش کە تێیدا جەخت لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی سیاسیی قەیرانی سووریا بە بەشداری هەموو لایەنە سوورییەکان، نەمێنێ و بەم لەونە ئایدیای کۆنی پێویستیی گۆڕدرانی ڕژێم لە دیمەشق دیسان بێیننە ئاراوە.
وێڕای ئەوەی کە دەوڵەتی سووریا ساڵی ٢٠١٤ جبەخانەی چەکی شیمیایی خۆی ڕادەستی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی کرد، واشینگتۆن سەر لە بەیانی هەینی حەوتەمی ئاپریل بە بیانووی ئەوەی کە دەوڵەتی سووریا دەستی بووە لەو پەلامارە شیمیاییەی ٤ی ئاپریل کرایە سەر "خان شێخوون" ، ٥٩ مووشەکی تەقاند بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعەیرات لە خاکی سووریا.

Apr 21, 2017 14:26 Asia/Tehran
بۆچوونت