دادگەی رژیمەکەی ئالی خەلیفە لەدرێژەی سەرکوت کردنی ناڕازیان لەو وڵاتە ئەمڕۆش بڕیاری سزای مەرگی بۆ چالاکوانێکی بەحرەینی و هەڵوەشاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی ناوبراو دەرکرد .

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی فارس، سەرچاوە بەحرەینییەکان ڕایانگەیاند، دادگەی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ دووشەممە جگە لە دەرکردنی بڕیاری ئێعدام و هەڵوەشاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی ئەو چالاکوانە، پەنجا کەسی دیکەی بە سێ ساڵ زیندان حوکم دا.

ئەو کەسانە، تاوانبارکراون بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە ناوچەی "العکر" لەژولای ٢٠١٦دا.

حەسەن ئەلحایکی یەکێکی دیکە لەکەسانی تاوانبارە کە لەژێر ئەشکەنجەدا و لەکاتی لێپرسینەوە هەر لەو ساڵەدا گیانی لەدەست داو ئێستا، بڕیاری بەندکرانی تاهەتایی و سەندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی بۆ بڕاوەتەوە.

لە ژولای٢٠١٦دا لەکاتی دەربازبوونی ئۆتۆمبیلەکانی سیستەمی پاشایەتی لەناوچەی "العکر" بە تەقەی گاردی تایبەت لە ئۆتۆمبیلێکی تاکەکەسی کە سەرنشینەکانی ژنێک و منداڵێک بوون، شۆفیرەکەی گیانی لەدەست دا، پاش ئەو ڕووداوە، رژیمی ئالی خەلیفە ڕایگەیاند، شۆفیری ئەو ئۆتۆمبیلە بەهۆی  هەوڵێکی تیرۆریستی کوژراو و ژمارێک لە لاوانی ناوچەی مەعامیری قۆڵبەست کرد.

بەحرەین لەساڵی٢٠١١وە تائێستا شایەتی ڕووداوی کارەساتبار و سەرکوتکرانی خەڵکی ناڕازی ئەو وڵاتە لەلایەن رژیمی ئالی خەلیفەیە.

Jun 19, 2017 19:33 Asia/Tehran
بۆچوونت