• خۆپیشاندانی فەلەستینیەکان بۆ ئیدانە کردنی دەستدرێژی زایۆنیستەکان بۆسەرمزگەوتی ئەقسا

ژومارێک لە فەلەستینیەکان و نوێنەرانی تاقمەکانی فەلەستینی ڕۆژی یەکشەممە بۆ ئیدانە کردنی دەستدرێژی پەیتاپەیتای داگیرکەرانی زایۆنیست بۆسەر مزگەوتی ئەقسا، خۆپیشاندانیان کرد .

بەپێی ناوەندی زانیاری گەیاندنی فەلەستین، دەیان فەلەستینیی دانیشتووی نابلوس لە کەرتی ڕۆژاوایی چۆمی ئوردون و نوێنەرانی تاقمەکانی فەلەستینی  بە هەڵگرتنی ئاڵای فەلەستین و بەرزکردنی دروشمگەلێک ، وێڕای  ڕاگەیاندنی رق و تووڕەیی خۆیان لە دەستدرێژی  ڕژێمی زایۆنیستی بۆسەر مزگەوتی ئەقسا،  داکۆکی خۆیان لە فەلەستینییەکانی بەیتولموقەدەس  ڕاگەیاند.

ڕۆژی هەینیش  فەلەستینییەکانی دانیشتووی کەرتی غەززە بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان  هەوڵی ڕژێمی زایۆنیستی لە داخستنی دەرکەکانی مزگەوتی ئەقسایان  ئیدانە کرد  .

هەرلەم حاڵەدا  زایۆنیستەکان  ڕۆژی یەکشەممە  دوای کردنەوەی حەوشەی  ئەلسەباتی مزگەوتی ئەقسا  جارێکی  تر دەروازەکانی ئەم مزگەوتە پیرۆزەیان  لەسەرموسوڵمانان داخست و پێشیان بە گەیشتنی  فەلەستینییەکان بۆ نێو ئەو مزگەوتە گرت و نوێژخوێنانی فەلەستینی جارێکی تر نەیانتوانی بۆ خوێندنی  نوێژی نیوەڕۆ  بگەنە  حەوشەی مزگەوتی ئەقسا.

ڕۆژی  هەینی دوابەدوای ئۆپراسیۆنی دژە زایۆنیستی  سێ لاوی فەلەستینی لە قودس کە شەهید بوونی ئەم سێ فەلەستینییە و هەروەها کوژرانی دوو زایۆنیستی لێ کەوتەوە ، بنیامین نتانیاهۆ  سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی فەرمانی دا دەرکەکانی مزگەوتی ئەقسا دابخرێن .

Jul 16, 2017 17:40 Asia/Tehran
بۆچوونت