پاش ڕاوێژکاریی بێ ئاکامی ڕێکس تەیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەناوچەی کەنداوی فارس بۆ چارەسەریی قەیرانی چوار وڵاتی عەرەبی لەگەڵ قەتەر، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ڕایانگەیاند، ئیمارات بە هەک کردنی میدیا قەتەرییەکان، دەسپێکەری قەیرانی عەرەبی بوو.

رۆژنامەی ئەمریکیی واشنگتۆن پۆست رۆژی یەکشەممە نووسی: بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا حەوتەی ڕابردوو بەپێی ئەو شیکارییە هەواڵگرییەی لەلایەن دەم ودەزگەکانی هەواڵگریی ئەو وڵاتەوە لەوان سی ئای ئەی و ئێف بی ئای کۆکرابۆوە، ئاگادارکرانەوە.

بەرپرسانی باڵای ئیمارات ٢٣ی مانگی مای ٢٠١٧ لەبارەی گەڵاڵەی هەک کرانی میدیا قەتەرییەکان و جێ بەجێ کرانی، وتووێژیان کردووە. کاربەدەستانی هەواڵگریی ئەمریکا وتیان: بیرۆکەی ئەوان ئەوەیە کە عەرەبستانی سەعودی، ئیمارات و میسر و یان پێکهاتەیەک لەو وڵاتانە لە هەک کردنی میدیا قەتەرییەکان، هاوبەش بوون.

هەک کرانی میدیا قەتەرییەکان لە بەرواری٢٤ی مای ڕابردوو، بنەمای دەسپێکرانی قەیرانەکەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس بوو کە لەمێژووی سەرگرتن وپێکهاتنیدا کەم وێنەیە. چاوخشاندن بەسەر هەڵوێستی شەش وڵاتی ئەندامی ئەو ئەنجومەنە، جێگایەک بۆ متمانەو هاوکاریی هاوبەش ناهێڵێتەوەو کێشەی نوێی بەدیهاتوو لەناوچەدا، ئەوپەڕی لێک دوورکەوتنەوە لە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارسە. ئەو لێک دوورکەوتنەوە، کۆ و ئەنجامی سیاسەتی عەرەبستانی سەعوودییە کە هەروا چاوەڕوانە وڵاتانی دیکەی عەرەب پەیڕەویی لەو وڵاتە بکەن.

ریاز لەسەر بانگهێشتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی عەرەبستان وەک یەکەم ئامانجی سەفەری دەرەوەیی خۆی، هەندێ خەون وخەیاڵی لەزەیندا بوو هەتا لەسای داکۆکی سیاسیی ئەمریکا، هاوپەیمانیی ساختەی خۆی لەدژ ئێران ڕەسمییەت پێ بدات. کۆشکی سپیش داکۆکی دەکرد لە هاوپەیمانیی عەرەبی دژ بە ئێران و بەپێشنیاری دراڤیی محەممەد بن سەلمان پاشمیری نوێی عەرەبستان، ترەمپ قەبووڵی کرد، یەکەم فڕۆکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە عەرەبستان بنیشێ.

 سەمای شمشێری مەلیک سەلمان و ترەمپ لەسای کایەی سەربەخۆی وڵاتانێکی وەک قەتەر، کوەیت و عوممان نەیتوانی ئامانجگەلی سەعوودی-ترەمپی بباتەپێش و هاوکات لەگەڵ چووندەری ترەمپ لە ڕیاز، سەرپێچی و نافەرمانی لە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس خۆی دەرخست.

لەوەها بارودۆخێکدا، هەک کرانی میدیا قەتەرییەکان، بووە ئامرازێک بۆ تەمێ کرانی وڵاتێک کە لەڕوانگەی عەرەبستانی سەعوودییەوە ، سەرپێچی کردووە لە داواکارییەکانی ئەو وڵاتە. وەهمی رژیمی سەعوودی بۆ ڕێبەرایەتی وبەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس ، سەربەخۆیی وڵاتانی ئەندامی ئەو ئەنجومەنەی کردەئامانج و لەوەها بارودۆخێکدا قەتەر ئامادەنەبووە بکەوێتە بن باندۆر و دەسەڵات.

جگە لەقەتەر، کوەیت، و عوممانیش لە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس نەیانویست تەنیا شوێنکەوتە بن. سەفەری١٢ی ژوولای یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عوممان بۆ تاران و پێداگری لەسەر پەرەی هاوکارییەکان لەگەڵ ئێران، پێشاندەری کردەوەی سەربەخۆی عوممانە لەسیاسەتی دەرەکی خۆیدا. لەوبارەوە، هاوکاری و لێک نزیک بوونەوەی وڵاتانی ناوچە بەمانای لەبەرچاو نەگرتنی سەربەخۆبوونی ئەوان نییە. لەسای هاوکاری ئاسایش، ئاشتی و سەقامی ناوچە دەستەبەر دەبێ و هەوڵدان بۆ دروست کردنی ئیئتلافی وێرانکەر، یارمەتیدەری جێگیرکرانی هێمنی لەناوچەدا نابێ.

هەر وڵاتێک وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی پلەوپێگەی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هاوبەش دەبێ و سەردەمی قەیمومیەتی سیاسی بەسەرچووە.

Jul 17, 2017 13:07 Asia/Tehran
بۆچوونت