خەتیب و بەرنوێژی نزگەوتی ئەقسا لە کاردانەوە بەرامبەر بە دانرانی دەروازەی ئێلێکترۆنیکی لە دەرکەکانی ئەم مزگەوتەدا وتی: ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی پلان و نەخشەی بۆ مزگەوتی ئەقسا لە مێشکدایە و بەنیازە ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێ تا هەموو ئەو پلانانەی جێبەجێ بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "شیخ عەکرەمە سەبری" خەتیبی نوێژیی هەینیی مزگەوتی ئەقسا پێیداگرت: سوور بوونی داگیرکەران لە سەر دانرانی دەروازەی ئێلێکترۆنیکی لە بەر دەرکەکانی مزگەوتی ئەقسا دەبێتە هۆی پەرە سەندنی کێشە و بگرە و بەردە لە مەسجدولئەقسا.

بەرنوێژی مزگەوتی ئەقسا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: خەڵکی فەلەستین بە بەجێ هێنانی نوێژەکەیان لە بەردەم دەرکەکانی مزگەوتی ئەقسا نەیارەتی خۆیان بەرامبەر بە دانرانی دەروازەی ئێلێکترۆنیکی ڕادەگەیەنن.

"شێخ عەکرەمە سەبری" بە ئاماژە بە دواهاتە نالەبارەکانی کێشە و ناکۆکیی نێوان وڵاتانی عەرەبی وتیشی: فەلەستین لەگەڵ داگیرکەران لە شەڕدایە و وڵاتانی عەرەبیش خۆیان مژووڵ کردووە بە کێشە و ناکۆکیی نێوان خۆیانەوە.

شیخ سەبری هەروەها پێی داگرت: فەلەستین مافی خۆی لە مزگەوتی ئەقسا دەپارێزێ و هیچ بایەخ نادات بە هەوڵەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا.

هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل ڕۆژی هەینیش سێ لاوی فەلەستینییان لە باب "ئەسبات" شەهید کرد. پاش ئەو پەلامارە دڕندانەیە، "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە هەموو دەرکەکانی مزگەوتی ئەقسایان لە سەر سەردانکەران و نوێژخوێنانی فەلەستینی داخست و پێشیان گرت بە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لەم مزگەوتە پیرۆزەدا.

کردەوە زاڵێتی خوازانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە هەمبەر قودس و مزگەوتی ئەقسا لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و کەلتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسکۆ" (UNESCO)، ساڵی ڕابردوو بە پەسەن کردنی بڕیارنامەیەک هەرچەشنە پێوەندیی مێژوویی و ئایینی و یان کەلتووری لە نێوان جولەکەکان و شوێنە پیرۆزەکانی قودس و بەتایبەت مزگەوتی ئەقسای ڕەت کردەوە و ئەم مزگەوتەی بە شوێنێکی پیرۆز بۆ موسڵمانان هێنایە ئەژمار.

Jul 18, 2017 11:09 Asia/Tehran
بۆچوونت