• هەڵاتنی بە کۆمەڵی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی سەعوودی

ناوەندی پڕوپاگەندەی شەڕی سوپا و هێزە جەماوەرییەکانی یەمەن وێنە و فیلمی سەبارەت بە هەڵاتنی بە کۆمەڵی هێزە سەربازییەکانی سەعوودی لە بنکەی سەربازیی شەرەفە لە پارێزگەی نەجرانی عەرەبستانی بڵاو کردەوە و ڕژێمی سەعوودیش خێرا دەستی کردە پاک کردنەوەی ئەو فیلم و وێنەگەلە لە سەر یوتیوب.

بە پێی ڕاپۆرتی کەنالی تەلەڤزۆنیی ئەلعالەم؛ بە دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی بێ وێنەی هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە پارێزگەی نەجران، هێزە سەربازییەکانی عەرەبستان لە بنکەکانیان هەڵاتن.

عەرەبستانی سەعوودی هەوڵی دا ئەو وێنە و فیلمانە لە سەر ماڵپەڕی یوتیوب پاک بکاتەوە بەڵام ناوەندی پڕوپاگەندەی شەڕی یەمەن جگە لە بڵاو کردنەوەی ئەو وێنە و فیلمانە، سەبارەت بە پەلامارەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکای یەمەن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سەعوودی لە تەعز، جەوف و سەنعایش فیلم و وێنەی بڵاو کردۆتەوە بۆ ئەوەی ترس و تۆقانی هێزە سەربازییەکانی سەعوودی لە ئۆپەرا سیۆنی هێزە یەمەنییەکان دەربخات.

عەرەبستانی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن بە بیانوویی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی ئەم وڵاتە بۆ سەر دەسەڵات، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە .

ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە.

 

 

Oct 13, 2017 10:30 Asia/Tehran
بۆچوونت