• سەیید حەسەن نەسروڵڵا: هەنگاوەکەی ترەمپ باڵفۆڕێکی تازەیە

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان پێی داگرت: سەرباری تێپەڕینی سەد ساڵ بە سەر جاڕنامەی باڵفۆڕدا بەو هەنگاوەی دەوڵەتی ئەمریکا دژی قودس، شایەتی هاتنەئارای باڵفۆڕێکی تازەین

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ، شەوی هەینی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی دا سەبارەت بە هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ناساندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی وتی: ترەمپ بەم بریارەی قودسی خستووەتەژێر ڕکێفی تۆکمەوتەواوی زایونییەکانەوەو ئێستاکە زایونییەکان ڕەوتی بە جولەکەکردنی بەیتولموقەددەس و چێکردنی شارۆچکە زایونی نشینەکان توند تر دەکەنەوە.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: بەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا مزگەوتی ئەقسا لەگەڵ مەترسییەکی بەبڕشتانەدا بەرەوڕوو بووەتەوەو ئەم بڕیارەی ئەمریکییەکان لە ڕاستی دا سوکایەتی کردن بە ملوێنان موسڵمان و فەلەو ڕووشاندنی هەست و بیروباوەڕیانە، چونکو ئەوانەش لەم شارەدا خاوەنی کلتوورو مێژوون و پیرۆزگەکانیان لە شاری قودس دایە.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەیتولموقەددەس ناخ و تەوەرەی سەرەکیی کێشەی فەلەستینە، وتیشی: کۆمەڵێک لەو باوەڕەدان کە ترەمپ بەم کارەی دواگولەشی ناوە بە کەلەی  دانوستانی سازانی نێوان فەلەستینییەکان و ڕژێمی زایونییەوەو کۆمەڵێکیش باوەڕیان وایە کە ئەم دانوستانانە هەر لە مێژە کۆتایی پێ هاتووەو ترەمپ تەنیا مردنەکەی ڕاگەیاندووە.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وەبیریشی هێنایەوە: ئیسرائیل ڕێز لە یاساوڕێساو پەیمان  ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان ناگرێت و بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێ دەگوترێت هیچ بایەخێک دانانێت.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: ئاگاداری لە بارەی مەترسییەکانی ئەو بڕیارەی ئەمریکا سەبارەت بە قودس خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ هەموو لایەک هەتا لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان لە بارەیەوە تێ بگەن و کاردانەوە لە خۆیان پیشان بدەن.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان هەروەها وتیشی: وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەبێ باڵوێزانی ئەمریکا بانگ کەن و بەشێوەی فەرمی بەرامبەر بە بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە قودس کاردانەوە پیشان بدەن.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کات ئەم کردارە یەک لایەنەو سەرەڕۆیانەیەی. ترەمپ لە مەڕ ڕاگەیاندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی شەپۆلی ئیدانە کردن و ناڕەزامەندی دەربڕینی لە جیهانی ئیسلام و وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا بەدوای خۆی دا هێناوە . جێگای ئاماژەیە کە بەیتولموقەددەس لە ساڵی 1967ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.

 

 

 

Dec 07, 2017 21:21 Asia/Tehran
بۆچوونت