• گیرانی بەربڵاوی فەلەستینییەکان لە سەروبەندی هەینیی تووڕەییدا

هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (هەینی) بە پەلاماری بەربڵاو بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی قودس، دەستیان دایە قۆڵبەست کردنی ژمارێکی زۆر لە شاروومەندان.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین بە گێڕانەوە لە ژیدەرە خۆجییەکان؛ لە سەروبەندی بەڕێوە چوونی خۆپیشاندانی "هەینیی تووڕەیی"دا هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی بە پەلاماردانی بەربڵاوی بەشی کۆنی شاری قودس،  واتە ناوچەکانی «واد الجوز» ، «الصونه »  و شارۆچکەی «العیسویه» لانیکەم ١٦ فەلەستینییان پاش لێدان و تێهەڵدان قۆڵبەست کرد.

ئەم پەلامارە لە سەروبەندی بەڕێوە چوونی خۆپیشاندانی هەینیی توورەیی و ئینتیفازەی ئازادیی مزگەوتی ئەقسا بە بانگهێشتی بزووتنەوەی حەماس و گرووپەکانی خۆڕاگریی دیکە بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بە ڕەسمیی ناسینی قودس وەکوو پێتەختی ئیسراییل، ئەنجام دەبێ.

هەروەها بە سەرنج دانی ئەگەری ڕوودانی شەڕ و پێکدادان، "گادی ئیزنیکۆت" Gadi Iznikot سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی ڕۆژاوا، قودسی داگیرکراو و دەڤەری غەززە، فەرمانی ئامادەباشی داوە بە هێزە سەربازییەکانی ئەم ڕژێمە و هەروەها هێزی پاشکەوت و پشتیوانیشی بانگ کردووە بگەڕێنەوە بۆ بنکەکانیان.

دوێنێ (پێنجشەممە) کەرتی ڕۆژاوا و لێواری غەززە گۆرەپانی ئاڵۆزی و ناهێوری بەربڵاو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەمریکا بوو کە بووە هۆی بریندار بوونی زیاتر لە ١٦٠ فەلەستینی.

Dec 08, 2017 12:24 Asia/Tehran
بۆچوونت