• قەتەر  لە ئەنجومەنی ئاسایش دژ بە ئیمارات سکاڵای بەرز کردەوە

نوێنەری هەمیشەیی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی هەینی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئیمارات سکاڵای بەرز کردەوە بە تۆمەتی ئەوەی کە سنووری ئاسمانیی قەتەری بەزاندووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عولیا ئەحمەد بن سەید ئالی سانی" لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیمارات ٢١ی دێسەمبەری ٢٠١٧ بۆ ماوەی یەک خولەک لە بەرزایی ٣٣ پێی ئاسمانیی ناوچەی تایبەتی ئابووریی قەتەر گەشتی لێداوە.

لەم نامەیەدا جەخت کراوە ئەم کردەوەی ئیمارات بە پێی یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان بنپێ کردنی ئاشکرای دەسەڵاتدارێتیی قەتەرە.

نوێنەری هەمیشەیی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کردەوەی ئیماراتی بە هەنگاوێکی دنەدەرانە و دوژمنکارانە هێنایە ئەژمار و راشکاوانە رایگەیاند: دۆحە تەگبیری پێویست بۆ بەرگری لە سنوورەکان، سنووری ئاسمانی و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەگرێتە بەر.

عەرەبستان ، ئیمارات، مسر و بەحرەین لە ماوەی چەن مانگی رابردوودا ڕێگا و شیوازی جۆربەجۆریان  بۆ وەبن گوشار نانی قەتەر گرتۆتە بەر.

عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە پێنجەمی ژوەنی ٢٠١٧ـەوە لەبەر هاوئاراستە نەبوونی دۆحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ڕیاز، قەتەریان تۆمەتبار کرد بە داکۆکی لە تیرۆریزم و پێوەندیی دیپلۆماتیکی خۆیان لەگەڵ دۆحە پچڕاند.

Jan 12, 2018 11:41 Asia/Tehran
بۆچوونت