• پێبەند بوونی ئەنساروڵڵا بۆ دەست پێ کردنەوەی دانوستانی ئاشتی

ئیسماعیل وەلەد شێخ ناردراوی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن باسی پێبەند بوونی ئەنساروڵڵای یەمەنی کردووە بۆ دەست پێ کردنەوەی دانوستانی ئاشتی لەم وڵاتەدا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەماڵی ھەواڵیی مەیادین ئیسماعیل وەلەد شێخ ناردراوی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن ڕۆژی پێنج شەممە لە تووییتێکدا ڕوو لە لایەنەکانی یەمەن داوای لێکردن ھەتا متمانە بکەن بەو دیالۆگەی کە لە سەر بنەمای ئاشتی و ھاوبەشی و ڕێککەوتن و دابی دراوسێگەری ڕۆنرا بێت.

ناوبراو وتیشی:موعین شەریم یاریدەری وەلەدشێخ لەدیدار لەگەڵ کاربەدەستانی یەمەنی لە سەنعا داوای لێکردن کە بۆ دەست پێکردنەوەی ڕەوتی ئاشتی بە زووترین کات ئامادەیی خۆیان ڕابگەیەنن و پێشوازیی لێ بکەن.

لە دیداری ڕۆژی دووشەممەی شریم لەگەڵ ساڵح سەماد سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن، سەماد باسی ئامادە بوونی دەوڵەتی یەمەنی کرد بۆ ئەنجام دانی دانوستانی دوو لایەنە بە مەبەستی کۆتایی ھێنان بە خوێنڕشتن و چەسپاندنی سەقام و ئاشتی لەم وڵاتەدا.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان .  لە ئەنجامی ئەو ھێرشانەی بەناو ھاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ئالی سەعود پتر لە ھەشت ھەزارو حەوتسەد کەس کوژراون و دەیان ھەزار کەسیش بریندار بوونە . ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە. ئەمەش ھەنگاوێکە کە لەو پەڕی بێ دەنگە لێکردنی کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا بەردەوام دەکرێت.

 

 

Jan 12, 2018 13:44 Asia/Tehran
بۆچوونت