• گیرانی دەیان ئەفسەری گاردی سەرۆک کۆماریی یەمەن لە «الضالع»

ئیدارەی ئاسایشیی سەربە عەبد ڕەببە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی یەمەن، لانیکەم شەست و شەش ئەفسەری گاردی سەرۆک کۆماریی یەمەنیان گرت کە لەڕێگای عەدەن لەباشووری ئەو وڵاتە بوون.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی مێهر بەگێڕانەوە لە ئەلجەزیرە، ئەو ئەفسەرە سەربازییانەی یەمەن لە سەنعاوە بەرەو عەدەن وەڕێکەوتبوون کە لەشاری «الضالع» بەدەست هێزە ئاسایشییە یەمەنییەکان قۆڵبەست کران.

ئەکرەم ئەلقەداحی چالاکی یەمەنیی سەربە ڕەوتی باشووریی ئەو وڵاتە بەبڵاوکردنەوەی وێنەی ناسنامەی ئەو ئەفسەرانە لەپەیجەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕایگەیاند: ئەو هێزانە سەربە تارق ئەلعەفاش برازای عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی یەمەن بوون کە دەیانویست بچنە عەدەن.

سەرچاوە میدیاییەکان لە یەمەنیش وتیان: ئەنجومەنی ڕاگوزەری یەمەن سەربە ڕەوتە باشوورییەکان و جێی داکۆکیی ئیمارات، ئەو ئەفسەرانەی پاش گرتن ئازاد کردو بردووینە عەدەن. هێشتا هۆی گرتن و ئازادکردنی ئەو کەسانە ئاشکرا نەبووە.

ڕەوتی باشووریی یەمەن جێی داکۆکیی ئیمارات کە جم و جۆڵەکانی لە عەدەن پەرەپێداوە لەم دواییەدا ڕایگەیاند، خوازیاری لەسەر دەسەڵات لادرانی حکومەتی دانراوی عەرەبستان بە سەرۆکایەتی ئەحمەد بن دەغرە.

گۆڕانکارییەکانی باشووری یەمەن پێشاندەری تاوسەندنی ناکۆکیی نێوان عەرەبستان و ئیماراتە لەسەر دزەکردنە نێو یەمەن کە هەرکام لەو وڵاتانە لەدووی لادانی وڵاتەکەی بەرامبەریەتی لە یەمەن.

عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە، لەمارسی٢٠١٥وە بەئامانجی گەڕاندنەوەی مەنسوور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەو هەڵاتووی یەمەن بۆسەر دەسەڵات، هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتەو سەرباری پەلامارە ئاسمانییەکان و گەمارۆی هەمەلایەنەی یەمەن، بەهیچ کام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.

 

Feb 12, 2018 21:05 Asia/Tehran
بۆچوونت