• وتاردانی سەعد حەریری لە ڕێ و ڕەسمی ساڵڕۆژی تیرۆر کرانی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان

سەرۆک وەزیرانی لوبنان وتی: ڕێگا نادەین بەو کەسانەی کە خەڵکی ئەمەگدار بەرەو شەڕی ناوخۆیی پاڵ پێوە دەنێن و ناهێڵین خوێنی قوربانیان بە فیڕۆ بچێ.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەیادینی لوبنان؛ "سەعد حەریری" ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێ و ڕەسمی سێزدەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری "ڕەفیق حەریری" سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان و باوکی لە بەیرووت ڕاشکاوانە رایگەیاند: لوبنان تووشی شەڕێکی ناوخۆیی دیکە نابێ، لەبەر ئەوەی کە لوبنان ئێستا خاوەنی توانا و دەسەڵاتێکی ئەمنییە کە هەموان شانازی پێوە دەکەن.

"سەعد حەریری" وتیشی: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ٢٠١٨ی لوبنان خاڵە وەرچەرخانێک لە ژیانی پەرلەمانی چ لە بواری یاسای نوێ و چ سەبارەت بە دانرانی پەرلەمانی نوێیە.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان راشکاوانە ڕایگەیاند: چەک و کەرەستەی جەنگی دەبێ تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێ، ئاستی توانای سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەبێ بەرزتر ببێتەوە و هەموو بگەینە یەکدەنگیی نیشتمانی بەرامبەر بە زێدەخوازییەکانی ڕژێمی ئیسراییل.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان هەروەها داوای لە بەشداربووانی ڕێ و ڕەسمی ساڵڕۆژی تیرۆر کرانی باوکی کرد کە لەبەر قودس، پێتەختی تاهەتایی فەلەستین و بە نیشانەی یەکدەنگی لەگەڵ قودس و خۆڕاگریی گەلی فەلەستین یەک دەقە لە سەر پێ ڕاوەستن.

"ڕەفیق حەریری" سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان ١٤ی فێڤرییەی ٢٠٠٥ لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە لە بەیرووت تیرۆر کرا. تیرۆری ڕەفیق حەریری ڕووداو و گۆڕانکاریی سیاسیی یەکجار بەربڵاوی لە لوبناندا بە دواوە بوو و بووە هۆی هاتنە ئارای هەندێ  گۆرانکاریی گرینگ لەوان چوونە دەری هێزەکانی سووریا لە لوبنان.

Feb 15, 2018 12:18 Asia/Tehran
بۆچوونت