• ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی: ھەڵس و کەوتی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە بەندیخانە نھێنیەکانی یەمەن، تاوانی جەنگی دێتە ئەژمار

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند : ھەڵس و کەوتی بەکرێگیراوانی سەربە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لەگەڵ ئەو گیراوانەی کە لە بەندیخانە نھێنیەکانی یەمەن دا بەسەر دەبەن،تاوانی جەنگی دێتە ئەژمار .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ھەواڵیی ئەلجەزیرە،ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆی دا ئاماژەی کردووەتە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە بەندیخانە نھێنییەکانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە یەمەن و ڕایگەیاندووە: ئەم جۆرە ھەڵس و کەوتانە تاوانی جەنگی دێنە ئەژمارو دەبێ لەم بوارەدا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکرێت .

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی  دا ھاتووە: ھێزەکانی ژێر فەرمانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە یەمەن سیاسەتی ئەشکەنجە دانی زیندانییەکان پەیڕەو دەکەن.

ھەواڵدەریی ئاسۆشێتێدپرێسیش پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی درکاند بوو کە، ١٨ بەندیخانەی نھێنی لە باشووری یەمەن دایە کە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و ھاوپەیمانەکانی بەڕێوەی دەبەن و پتر لە دوو ھەزار زیندانیی یەمەنی لەو بەندیخانانەدان کە لەژێر توندترین ئەشکەنجەو ئازاردان.

میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لەو ئەندامانەی ھاوپەیمانییەکی سەربازی  بە سەرکردایەتیی ڕژێمی ئالی سەعودە لە شەڕی دژبە جەماوەری یەمەن.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوبە پاڵپشتیی ئەمریکا لە مارسی 2015 ەوە هێرشێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کرد هەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێ عەبدڕەبە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەو هەڵاتوی یەمەن بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستەڵات کە لە ئەنجامی ئەم دەست درێژکارییە هەزاران شارومەندی بێ دەرەتانی یەمەنی گیانیان سپاردووەو ملوێنان کەسیش هەڵوەداو ئاوارە بوونە.

ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

 

 

Jul 12, 2018 17:59 Asia/Tehran
بۆچوونت