• کاردانەوەی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە تاوانکاریی نوێی عەرەبستان لە یەمەن

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان، خوازیاری ئەنجامدانی تاووتوێی سەربەخۆ و شەفاف لەمەڕ پەلاماری رژیمی سەعوودی بۆسەر پاسێکی هەڵگری منداڵان لە یەمەن بوو.

"ئەنتۆنیۆ گۆترێش" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی هەینی وێڕای شەرمەزارکردنی پەلاماری ئاسمانیی عەرەبستان بۆسەر پاسی هەڵگری منداڵان لە پارێزگای سەعدە، لەباکووری رۆژاوای یەمەن کە زیاتر لە سەت کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، خوازیاری لێکۆڵینەوەی خێراو سەربەخۆ بوو لەبارەی ئەو تاوانکارییە.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەروەها بەوشداریدان بە رژیمی سەعوودی پێی داگرت: عەرەبستان دەبێ بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سیڤیل و پێش گرتن بە کرانەئامانجی ئەوان، هەوڵ بدات.

لەحاڵێکدا کە زۆرێ لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوان ڕێکخراوی نەتەوەکان پەلاماری عەرەبستان بۆسەر منداڵانی یەمەنی لە سەعدەیان پشت ڕاست کردۆتەوەو شەرمەزاریان کردووە، "هێدێر نائۆرت" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەپرێس کۆنفرانسی رۆژی پێنج شەممەی خۆی، لەوەڵامدانەوە بەپرسیاری پەیامنێران کە خوازیاری داکۆکیی واشنگتۆن لە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لەبارەی پەلاماری عەرەبستان بۆسەر پاسی هەڵگری منداڵانی یەمەنی و ئیدانەکردنی ئەوپەلامارە بوون، عەرەبستانی بە "هاوبەشێکی ستراتژیکی گرینگ" ی واشنگتۆن ناوبردو لە بەشێک لە قسەکانیدا تەنانەت بەرەڤانیشی لەو پەلامارە کرد.

لەهەمان کاتدا، ژمارێک لەبەرپرسانی ئەمریکی کاردانەوەیان پێشاندا بە لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ داکۆکی لە تاوانکارییەکانی رژیمی سەعوودی لە یەمەن.

"کریس مۆرفی" سێناتۆری دیموکراتی ئەیالەتی"کێنتیکت" دوێشەو پێنج شەممە لەتوئیتێکدا نووسی؛ ئەمریکا لەیەمەن بەداکۆکی لەپەلامارە ئاسمانییەکان و پەلامارکرانەسەر پاسێکی قوتابخانە، کەسانی سیڤیلی زیاتر بەکوشتن دەداو تیرۆریستان لەناوخۆی یەمەن بەهێز دەکا کە دەبێ کۆتایی بەو کارە بێ"هەرئێستا".

"بێرنی سەندێرز"ی سێناتۆری ئەیالەتی "ڤێرمێنت" یش لە توئیتێکدا نووسی: ئەمریکا خاوەن سەرۆک کۆمارێکی ئەوەندە سەرسەختە کە دەتوانێ فەرمان بدات منداڵە بچووکەکان لەباوەشی دایک و باوکیان جیا بکرێنەوە بەڵام  ئەوەندە سەرسەخت نییە کە بتوانێ لەبارەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە عەرەبستانی سەعوودی قسە بکات.

حەوتەیەک پاش تاوانی رژیمی عەرەبستان لە هێرش بۆسەر نەخۆشخانەیەک لە حودەیدەی یەمەن کە کوژرانی دەیان کەسی سیڤیلی لێکەوتەوە، رژیمی دەسدرێژکاری سەعوودی رۆژی پێنج شەممە پاسی هەڵگری منداڵانی یەمەنی لەشاری "ضیحان" ی پارێزگای سەعدە کردە ئامانج کە بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی یەمەن تائێستا لەو تاوانەدا پەنجا منداڵ کوژراون و حەفتاو حەوت کەسیش بریندار بوون.

"محەممەد عەبدوسەلام" وتەبێژی بزووتنەوەی جەماوەریی ئەنساروڵڵای یەمەن لەکاردانەوە بە تاوانی نوێی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن وتی: دەسدرێژکاران بەپاسادانی تاوانەکانیان، ئەپەڕی پەستی و زەبوونی خۆیان دەردەخەن.

ئەوە لەکاتێکدایە کە وتەبێژی هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆسەر یەمەن، پەلاماری رۆژی پێنج شەممەی سەر پاسی هەڵگری منداڵانی بەکردەیەکی سەربازی ڕەوا زانی.

عەرەبستان بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە، لە مارسی٢٠١٥ـەوە هێرشی کردۆتەسەر یەمەن. شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا، کوژرانی زیاتر لە چواردە هەزار یەمەنی و برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە .

Aug 10, 2018 17:29 Asia/Tehran
بۆچوونت