• کۆ بوونه‌وەی به‌رهه‌م ساڵح و یان کۆبیش له‌ باره‌گاى هاوپه‌یمانى

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، پێشوازی کرد لە یان کۆبیش، نێردەی سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆهاریکارى عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و بارودۆخی سیاسیی و ئاکامەکانی هەڵبژاردن تاووتوێ کرا و بیروڕا لەبارەی پێشهاتەکان و بەرنامەکانی پێداچوونەوەی و وردبینی ئەنجامی هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕکرا.

کۆبیش، لەبارەی بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردن، روانگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لەبارەی نیگەرانییەکان لەسەر ئایندەی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن شیکردەوە.

بەرهەم ساڵح، ته‌ئکیدی لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێکارە سیاسی و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکاری و ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی ۱۲ى ئایار و پاراستنی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک، و بە تایبەتیش پێویستی هەژمارکردن و ڕێزگرتن لە دەنگی ڕاستەقینەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە هەرێم، و کە ئەمانە مەرجی گرنگی پرۆسەی دیموکراسی و شەرعییەتە.

هەروەها، جەختی کردەوە له‌سەر ڕۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و بە تایبەتیش ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

لاى خۆیه‌وه‌، کۆبیش ئەوەی خستەڕوو، کە رێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان ئامادەیی نوێی هەیە بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، و بەتایبەتیش چارەسەرکردنی بارودۆخی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠.

Jun 13, 2018 20:52 Asia/Tehran
بۆچوونت